ترەمپ دەڵێت لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئەردۆغان گرێبەستی "گەورە"ی بەرگری تاوتوێ دەکەن

19-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، 25ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات و گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک گرێبەستی "گەورە"ی بەرگری دەکەن.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەمریکا بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "خۆشحاڵم 25ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی میوانداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکەم."

هەروەها دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ سەرۆک [ئەردۆغان] کار لەسەر زۆر گرێبەستی بازرگانی و سەربازی دەکەین، لەنێویاندا کڕینی ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی بۆینگ، گرێبەستێکی گەورەی فڕۆکەی F-16 و بەردەوامبوونی گفتوگۆی سەبارەت بە فڕۆکەی F-35 کە پێشبینی دەکەین بە شێوەیەکی ئەرێنی تەواو بێت."

دوایین سەردانی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی، لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ساڵی 2019 بوو.

ترەمپ دەڵێت، "من و سەرۆک ئەردۆغان بەردەوام پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. چاوم لەوەیە لە 25ی ئەیلوول بیبینم."

ئەگەرچی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا لە ساڵی 2017 تا 2021، پەیوەندییەکی باش لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغان هەبووە، بەڵام بەهۆی پشتیوانیی واشنتن بۆ رۆژئاوای کوردستان لە لایەک و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆ لە لایەکی دیکە، پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی ئەمریکا و تورکیا ساردبوونەوەیان بەخۆوە بینی. 

تورکیا لە ساڵی 2019 ئیدارەی ترەمپی زویر کرد کاتێک سیستمی بەرگریی ئێس 400ی لە رووسیا کڕی. لە وەڵامی ئەوەدا واشنتن فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی بە تورکیا هەڵوەشاندەوە و لە پڕۆگرامی هاوبەشی پەرەپێدانی ئەو جۆرە فڕۆکانەی کردە دەرەوە. 

دواتر تورکیا رازیبوو فڕۆکەی F-16  لە ئەمریکا بکڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەر لە سنووری مەکسیک کە چاوەڕێن بچنە ئەمریکاوە لە ساڵی 2023. وێنە: Getty Images

ئەمریکا بۆ کۆچبەرانی نایاسایی: یان 3000 دۆلارتان دەدەینێ، یان دەستگیرتان دەکەین

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بڕیاریدا پاداشتی ئەو کۆچبەرانەی بەویستی خۆیان وڵاتەکە جێدەهێڵن لە 1000 دۆلارەوە بۆ 3000 دۆلار زیاد بکات و وەزیری ئاسایشی نیشتمانیش دەڵێت: "ئەوەی نەڕوات دەستگیر دەکرێت و هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتەوە."