رووداو دیجیتاڵ
ئیستۆنیا دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی سێ فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری میگ-31، ئاسمانی وڵاتەکەیان لەسەر کەنداوی فینلاند بەزاندووە. ئەورووپا و ناتۆ دەڵێن، ئەوە "دنەدانێکی مەترسیدارە."
بەرپرسانی ئیستۆنیا و ئیتاڵیا رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیتاڵیا لە جۆری F-35 کە لە چوارچێوەی پشتیوانیی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە وڵاتانی باڵتیک جێگیر کراون، بەپەلە بۆ رێگریکردن لە فڕۆکە رووسییەکان و ئاگادارکردنەوەیان نێردراون.
هێزەکانی بەرگریی ئیستۆنیا رایانگەیاند، "سێ فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری میگ-31 بێ مۆڵەت چوونەتە نێو ئاسمانی ئیستۆنیا لە ناوچەی دوورگەی ڤایندلو و بۆ نزیکەی 12 خولەک ماونەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "فڕۆکە جەنگییەکان پلانی فڕینیان نەبووە و ئامێری ناساندنەوەیان کوژێنرابووەوە. لە کاتی پێشێلکردنی ئاسمانەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکان هیچ پەیوەندییەکی رادیۆیی دوولایەنەیان لەگەڵ کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانیی ئیستۆنیا نەبووە."
ئالیسن هارت، گوتەبێژی ناتۆ گوتی، "ئەمە نموونەیەکی دیکەی رەفتاری سەرەڕۆیانەی رووسیایە و نیشاندەری توانای ناتۆیە بۆ وەڵامدانەوە." مۆسکۆ هیچ کاردانەوەیەکی دەستبەجێی نەبووە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیستۆنیا، مۆسکۆی بە "دنەدانێکی زۆر مەترسیدار" تۆمەتبار کرد و هۆشداریدا کە ئەم فڕینە "گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات".
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، کە هەمان رۆژ پاکێجی نۆزدەیەمینی سزاکانی دژی مۆسکۆی لەسەر جەنگی ئۆکراینا خستە بەردەم وڵاتانی ئەندام بۆ پەسندکردن، گوتی: "هەرچەندە هەڕەشەکان زیاد بن، گوشاری ئێمەش زیاد دەبێت."
ئیتاڵیا لە 1ی ئابەوە فەرماندەیی ئەرکی چاودێریی ئاسمانیی ناتۆ لە باڵتیک بە ناوی ئۆپەراسیۆنی هەڵۆی باڵتیکی 3ی گرتوەتە ئەستۆ، کە تێیدا فڕۆکەکانی F-35ی هێزی ئاسمانیی ئیتاڵیا بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی ئاسمانی باڵتیکیان لە ئەستۆیە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە گرژی لە سنووری رۆژهەڵاتی ناتۆدا زیادیکردووە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پۆڵەندا رایگەیاند، نزیکەی 20 درۆنی رووسی بەسەر خاکەکەیدا فڕیون. مۆسکۆ رەتیکردەوە کە پۆڵەندا کرابێتە ئامانج.
رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا لە جەنگدایە. ئیستۆنیا دەڵێت، فڕینی فڕۆکەکانی رووسیا بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا لەم مانگانە زیاتر دنەدەرانە بوون.
مارگوس تساکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا گوتی: "رووسیا ئەم ساڵ چوار جار ئاسمانی ئیستۆنیای بەزاندووە کە ئەوە خۆی لە خۆیدا جێی قبووڵکردن نییە. بەڵام دەستدرێژییەکەی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بێوێنە زەق و بێشەرمانەیە."
هەروەها گوتی: "پێویستە ە دژی تاقیکردنەوە بەرفراوانەکانی رووسیا بۆ سنوورەکان و زیادبوونی شەڕەنگێزییەکەی، بە خێرایی گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر زیاد بکرێت."
تساکنا رایگەیاند، هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئیستۆنیا بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتیی فەرمی، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە.
پێشتر لەم مانگەدا، ئیستۆنیا رایگەیاندبوو کە هێلیکۆپتەرێکی MI-8ی رووسی ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندووە، لە نزیک دوورگەی ڤایندلو.
بەگوێرەی هێزەکانی بەرگریی ئیستۆنیا، هێلیکۆپتەرەکە بۆ نزیکەی چوار خولەک بێ پەیوەندیکردن بە کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی، چووەتە نێو ئاسمانی وڵاتەکەوە.
هەفتەی رابردوو، پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، ئیتاڵیا و هۆڵەندا، فڕۆکەی جەنگییان بۆ رێگریکردن لە نزیکەی 20 درۆنی رووسی نارد کە بەسەر ئاسمانەکەیدا دەسووڕانەوە. هەندێکیان خرانە خوارەوە.
بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پلانێکیان راگەیاندووە بۆ بەهێزکردنی پاسەوانی ئاسمانی بە ناردنی فڕۆکەی زیاتر بۆ باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ.
رۆژی هەینی، چەندین هاوپەیمانی دیکەی ناتۆ ناڕەزایەتییان لە دژی رووسیا دەربڕی.
ئولف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، رووداوەکە "گەورەیی هەڕەشەی رووسیا بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا نیشان دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ