بەریتانیا یەکەمین کۆچبەری بۆ فەرەنسا دیپۆرت کردەوە

19-09-2025
رووداو @Rudawkurdish
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو دادگایەکی بەریتانیا رێگەی لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرێک بۆ فەرەنسا گرتبوو، بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا کۆچبەرێکی دیکە نێردرایەوە فەرەنسا، ئەو کۆچبەرە پێشتر لە فەرەنسا بووە و بە بەلەمی بچووک خۆی گەیاندبووە بەریتانیا.
 
بەپێی رێککەوتنێکی نوێ کە لەنێوان لەندەن و پاریس هەیە، بەرامبەر هەر کۆچبەرێکی هاتوو بە بەلەم بۆ بەریتانیا کە دیپۆرت دەکرێتەوە، فەرەنسا کۆچبەرێکی لای خۆی بە فەرمی دەنێرێتە بەریتانیا. وەزیری نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانی وڵاتەکەی، بەڵام رەخنەگران دەڵێن ئەوەی روویداوە سیمبوولیکە و شتێکی وا گەورە نییە.
 
زۆر لەوانەی ئێستا لە بەریتانیان، یان کەسوکاریان کە لە کوردستانن، دەیانەوێت لەسەر ئەم مژارە زۆرتر بزانن. نەبەز بازیانی، رۆژنامەڤان و شارەزای سیاسەتی کۆچبەری لە بەریتانیا میوانی دیاسپۆرا بوو و وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە و کاریگەرییەکانی خستەڕوو.
 
بازیانی روونیکردەوە، ئێستا وڵاتانی ئەورووپا بەگشتی، بەریتانیاش لەو نێوەندەدا، تادێ سیاسەتی پەنابەری روو لە تووندکردنەوە دەکات بەرامبەر بە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بۆناو خاکی وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیاش بەتایبەتی؛ بەریتانیا لە ماوەی رابردوودا هەوڵی زۆری دا بۆ تووندوتۆڵکردنەوەی سنوورەکانی و رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی، یەکێک لە رێککەوتننامەکان لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن واژۆ کرا، کە بریتی بوو لە "بەرنامەی ناردنەوەی یەک بۆ ناوەوە و یەک بۆ دەرەوە."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی پرۆسەکە، بازیانی گوتی، "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەم پرۆسەیە کە پەنابەر دیپۆرت دەکاتەوە بۆ خاکی فەرەنسا، چووە واری جێبەجێکردنەوە. سەرەتای پرۆسەکە هاووڵاتییەکی خەڵکی وڵاتی هیندستان بوو نێردرایەوە."
 
 
ئەو باسی لە کەیسێکی دیکە کرد و گوتی، "لە بابەتی هاووڵاتییە ئێریترییەکە، بەریتانیا رووبەڕووی ئاڵنگاریی یاسایی بووەوە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتییە ئێریترییەکە داوای لە دادگا کردبوو چاو بە بڕیارەکەیان بخشێنێتەوە، بەڵام لە دووەم دانیشتن هەمان دادوەر داواکەی قبووڵ نەکرد و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی دا بۆ فەرەنسا. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 19-09-2025 سەرباری هەموو ئەو هەوڵە رێکخراوەییە یاساییانەش کە درا، بەڵام هاووڵاتییەکە نێردرایەوە بۆ فەرەنسا."
 
رۆژنامەڤانەکە ئاشکرای کرد، "بەپێی رێککەوتنەکە، هەفتانە 50 کەس و ساڵانە 2600 کەس دیپۆرت دەکرێنەوە، لە کاتێکدا پرۆسەکە لە چوارچێوەی تاقیکاریدایە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵات، ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەبچێت، ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتکراوەکان زیاتر دەبێت."
 
لەسەر ئاستی رەخنەکان، بازیانی باسی لەوە کرد، "پرۆسەکە رووبەڕووی رەخنەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەشێک لە هاووڵاتییانی بەریتانیا بووەتەوە، چونکە پێیان وایە پرۆسەکە چارەسەری کێشەی هاتنی بەردەوامی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان ناکات، لە کاتێکدا تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 36 هەزار کەس بە نایاسایی چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا."
 
هەروەها ئەو شارەزایەی سیاسەتی کۆچبەری لە بەریتانیا لێدوانێکی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی، "ئەم بەیانییە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی، ئەگەر لەمەودوا هەر پەنابەر و کۆچبەرێک بێتە ناو خاکی بەریتانیا، ئەوا هەوڵی ئەوە دەدەین بە خێرایی دیپۆرتی فەرەنسای بکەینەوە و لەمەودوا چیدی رێگە نادەین ئەو بەربەستە یاساییانەی لە رابردوودا هەبوون لە بەردەمی ناردنەوەی کۆچبەراندا، لەمەودوا بێتە بەردەممان."
 
لەبارەی کاریگەرییەکانی رێککەوتنەکە، بازیانی ژمارەیەکی خستەڕوو، بەوەی "تەنیا لە ساڵی رابردوودا 109 هەزار کەس بەگشتی لە چوارچێوەی پرۆسەی پەنابەریدا هاتوونەتە ناو خاکی بەریتانیا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، ئەم ژمارە زۆرە و لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، بۆیە ئەمە گوشارێکی زۆری هەم سیاسی و هەم ئابووریشی خستووەتە سەر خاکی بەریتانیا، بۆیە هاووڵاتییانی بەریتانیا ئێستا تووشی جۆرێک لە جۆرەکان پەستی بوون بەرامبەر هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی شەپۆلی پەنابەر."
 
ئەو رۆژنامەڤان و شارەزای سیاسەتی کۆچبەرییە لە بەریتانیا ئامارێکی دیکەشی خستەڕوو و گوتی، "لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 111 هەزار هاووڵاتی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیانن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە