رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا جارێکی دیکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆی لە دژی پڕۆژە بڕیاری وەستاندنی جەنگی غەززە بەکارهێنا.
لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 14یان لە بەرژەوەندیی وەستاندنی جەنگ دەنگیان دا، تەنیا ئەمریکای هاوپەیمانیی ئیسرائیل نەبێت.
پڕۆژە بڕیارەکە، مانگی ئاب، لە کاردانەوەی راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی قاتوقڕی لە غەززە، پێشكێش کرابوو.
ڤیتۆکەی ئەمریکا لە کاتێکدا دێت کە تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئاگربارانکردنی شاری غەززەی باکووری کەرتی غەززە، کە بووەتە ئامانجی هێرشێکی نوێی بەرفراوانی زەوینیی ئیسرائیل و خەڵکەکەی ناچارکردووە بەرەو باشوور بڕۆن.
لە پڕۆژە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتبوو، پێویستە "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە غەززە" رابگەیێنرێت "کە هەموو لایەنەکان رێزی لێ بگرن" و هەموو بارمتەکانی ئیسرائیل دەستبەجێ و بێمەرج ئازاد بکرێن.
ئەمریکا پێشتریش چەند جارێک ڤیتۆی ئاگربەستی کردووە، کە دوایینیان لە مانگی حوزەیران بوو.
پێش ئەوەی ئەمریکا پڕۆژە بڕیارەکە ڤیتۆ بکات، کرستینا لاسێن، نوێنەری دانیمارک لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "با ئەم پڕۆژە بڕیارە پەیامێکی روون بێت، پەیامێک کە ئەنجوومەنی ئاسایش خەڵکی سڤیلی برسی، بارمتەکان و داواکارییەکانی ئاگربەست پشتگوێ ناخات."
نوێنەری دانیمارک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتیشی: "مەترسیی هەیە نەوەیەک لەدەست بچێت، نەک تەنیا لەبەر جەنگ، بەڵکو لەبەر برسێتی و بێهیوایی. لە کاتێکدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە شاری غەززە فراوان دەکات، نەهامەتیی خەڵکی سڤیل قووڵتر دەبێتەوە. دۆخەکە کارەساتبارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ