رووداو دیجیتاڵ
کۆمێنتی هاونیشتمانییان لەبارەی میلان جاف، هاونیشتمانی بە تاوانبار ناسێندراوی دانیشتووی فینلاند، کاردانەوە لەو وڵاتەی باکووری ئەورووپا دروست دەکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 4ی ئەیلوول بڵاویکردەوە، حکومەتی فینلاند دەڵێت، میلان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی سزاکەی لە زیندان.
میلان سەرەتا راپەر بوو، دواتر هەوڵی دا تۆڕێکی تاوانکاری بەناوی (مافیای کورد) دروست بکات. ئەو هاونیشتمانییە تاوانی هەوڵی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسیی بەسەردا ساخبووەتەوە و لە ساڵی 2022 خرایە زیندانەوە.
هاونیشتمانییەکە مانگی رابردوو لە زیندانێکی فینلاند ئازاد کرا، بەڵام پۆلیس زوو دەستگیری کردەوە و بۆ یەکەیەکی دەستبەسەرکردن لە هێلسنکی گواستیەوە، دواتریش بڕیاردرا دیپۆرت بکرێتەوە.
پاساوی ئەو بڕیارەش بریتییە لە "پاراستنی ئاسایشی گشتی."
بەشێک لەو کۆمێنتانەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رووداو لەبارەی راپۆرتەکەی تایبەت بە میلان نووسیویانە، بوونەتە جێگەی سەرنجی میدیای فینلاند. بەشێک لە میدیای فینلاند دەڵێن، ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان لە کۆمێنتەکاندا داوایان کردووە، میلان دوای گەڕاندنەوەی راستەوخۆ دەستگیر بکرێت و هەندێکیش داوایان کردووە تووندوتیژیی بەرامبەر بکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو تاوانانەی لەو وڵاتەی ئەورووپا بەسەریدا ساخبوونەتەوە.
رۆژنامەی ئیلتالێهتی فینلاندی راپۆرتێکی بە ناونیشانی "دیپۆرتکردنەوەی میلان جاف بەم شێوەیە لە کوردستان رووماڵ دەکرێت؛ پێشوازییەکی خراپ لە کۆمێنتەکان،" لەبارەی راپۆرتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردووەتەوە.
بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی کۆمێنتنووسەکان بکات یان بەڵگەیەک بخاتەڕوو، رۆژنامەکە بانگەشەی ئەوە دەکات، "یەکسەر دوای بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لە پەیامی هەڕەشەئامێز و هیوا خوازراوە کە ئەو کەسە زیانی جەستەیی پێ بگەیێندرێت." بە گوتەی رۆژنامەکە، "لە کۆمێنتەکاندا، ژمارەیەک کەس پێشنیازیان کردووە دامودەزگەکان جاف بکوژن."
رووداو پێداچوونەوەی بۆ کۆمێنتەکان کرد، کە بەشی هەرە زۆریان بە شێوەی تەنز ئامێز نووسراون، بەڵام هیچیان داوای کوشتنی تاوانکارەکە ناکەن، وێڕای ئەوەی بەشێکیان داوایان کردووە لەگەڵ گەیشتنی بە هەرێمی کوردستان، زیندانی بکرێت. رووداو پەیوەندیی بە میا یوسینیێمی، نووسەری راپۆرتەکەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو روونکردنەوە بدات.
رۆژنامەکە هەواڵەکەی لە فەیسبووکیش بڵاوکردووەتەوە، گوایە لە کۆمێنتەکانی رووداودا خەڵک هەڕەشەی کوشتنی لە میلان جاف کردووە.
رووداو زانیویەتی، هەندێک هاونیشتمانیی دانیشتووی فینلاند زانیاریی هەڵەیان لەبارەی کۆمێنتەکان بەو رۆژنامەیە داوە و بە راستگۆییەوە وەرگێڕانیان بۆ کۆمێنتەکان نەکردووە.
بەشێک لەو کۆمێنتانەی لەلایەن فینلاندییەکانەوە بۆ بابەتەکە نووسراون، هەڕەشەکان بە ساختە ناودەبەن و دەڵێن، بۆ ئەوەیە تاوانکارەکە دیپۆرت نەکرێتەوە.
بەکارهێنەرێک بە ناوی نیکۆ ناڤێلانیێن نووسیویەتی، "زۆر ئاسانە داوا لە هەندێ هاوڕێت بکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەت لێ بکەن بۆ ئەوەی بەو شێوەیە دەرنەکرێی."
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ساری ساگا هەیسکانێن دەڵێت، "پێم وایە ئەمە هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی."
میلا کۆرهۆنێنیش نووسیویەتی، "وا دیارە ئەمانە (بەرپرسانی فینلاند) ئێستا دەڵێن، 'ناتوانین دیپۆرتی بکەینەوە، چونکە هەڕەشەی تووندوتیژی هەیە'."
بەرپرسێکی فەرمانگەی کۆچبەرانی فینلاندیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "شتێکی تەواو چاوەڕوانکراوە کە ئەو کەسانەی لە دیپۆرتکردنەوە نزیکن، هەوڵ بدەن هۆکارێک لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دروست بکەن بۆ ئەوەی سەرنجی دامودەزگەکان بۆ خۆیان راکێشن."
میلان سەرەتا لە دادگەیەکی هێلسنکی داوای کردبوو، پێداچوونەوە بە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەکەی بکرێ، بەڵام بە گوێرەی میدیای فینلاندی، سکاڵاکەی کشاندووەتەوە و داوای کردووە بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان، بۆیە "بە زووترین کات" دیپۆرتکردنەکەی جێبەجێ دەکرێ.
لە بارەی کاتی دیپۆرتکردنی هاونیشتمانییە سزادراوەکە کە لە ساڵی 2017ـەوە چووەتە فینلاند، تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە فەرمانگەی کۆچی وڵاتەکە کرد و ئەویش رەتیکردەوە زانیاری لەو بارەیەوە بدات، بەڵام گوتی، دیپۆرتکردنەوەکە لە لایەن پۆلیسەوە جێبەجێ دەکرێ، بێ ئەوەی کاتەکەی ئاشکرا بکات.
میلان جاف کێیە؟
بەپێی میدیای فینلاند، ئەو هاونیشتمانییە "مێژوویەکی درێژی تاوانکاریی" لەو وڵاتەدا هەیە.
میلان جاف یەکەمجار وەک سەرکردەی گرووپی (مافیای کورد) ناوبانگی دەرکرد، تۆمەتی تووندوتیژی و تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەری درایە پاڵ.
لە ساڵی 2022دا دادگەی ناوچەی هێلسنکی پایتەختی ئەو وڵاتە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، دوای ئەوەی تاوانی "هەوڵی کوشتن"ـی بەسەردا ساخکرایەوە. لە ساڵی 2023دا دادگەی تێهەڵچوونەوە سزاکەی بۆ 6 ساڵ و 2 مانگ کەمکردەوە.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا، میلان جاف بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێک تاوانبارکرا؛ هەروەها بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ تۆمەتبارکرا، بەڵام دواتر دادگەی تێهەڵچوونەوە بەهۆی لاوازیی بەڵگەکانەوە ئەو تۆمەتەی هەڵوەشاندەوە.
دادگەکە بڕیاری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنەکەی پەسندکرد. بەو هۆیەوە میلان جاف سزای 2 ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. بە لەبەرچاوگرتنی یاسای فینلاند بۆ سزادانی تاوانکارانی گەنج و ماوەی راگرتنی پێشوو، زیندانیکردنەکەی کەمکرایەوە و لە ئابی ئەم ساڵدا ئازاد کرا.
لە دۆسیەی (مافیای کورد)دا میلان جاف وەک کەسایەتییەکی سەرەکی دۆسیەکە ناسێندرا و ناوبانگی وەک یەکێک لە دیارترین سەرۆک گرووپە تاوانکارییەکانی فینلاند دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ