ترەمپ دەڵێت لەبارەی تیکتۆکەوە پێشکەوتن هەیە و سەردانی چین دەکات

19-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین "پێشكەوتن" لەبارەی تیکتۆک بەدەستهاتووە، کە حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت ئەپەکە لەنێو وڵاتەکەی لە دەستی کۆمپانیا چینییەکە دەربهێنێت و لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەببرێت.
 
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، سەردانی چین دەکات، هەرچەندە چین قسەیەکی دیکە لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەکات.
 
سەرۆکەکانی دوو گەورەترین ئابووریی جیهان بۆ دووەمجار لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
ترەمپ هەوڵی داوە گرژییەکان کەم بکاتەوە، سەرەڕای رەخنە تووندەکانی پێشتری لە چین.
 
پێش پەیوەندییەکە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هیوادارە لە رێگەی ئەم پەیوەندییەوە رێککەوتنێک دروست ببێت بۆئەوەی تیکتۆک لە دەستی چینییەکان دەربهێنێت، کە لەنێو گەنجانی ئەمریکادا بەکارهێنەری زۆری هەیە و ترەمپیش خۆی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بەکاریدەهێنێت.
 
هیچ لایەنێک باسی لە رێککەوتنی کۆتایی نەکرد، بەڵام ترەمپ گوتی پەیوەندییەکە "زۆر بەرهەمدار بووە".
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"ـی خۆی نووسیویەتی: "لەسەر چەندین بابەتی زۆر گرنگ پێشکەوتنمان بەدەستهێنا، لەوانە بازرگانی، مادەی فێنتانیل، پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، پەسندکردنی رێککەوتنی تیکتۆک."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی مانگی داهاتوودا لە پەراوێزی لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووریی ئاسیا-پسفیک (APEC) لە کۆریای باشوور لەگەڵ شی کۆدەبێتەوە و ساڵی داهاتووش سەردانی چین دەکات.
 
ترەمپ گوتیشی، شی جینپینگیش لە کاتێکی نادیاردا سەردانی ئەمریکا دەکات و هەردوو سەرۆک جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە دەکەنەوە.
 
چین هۆشداری لە "رێساکانی بازاڕ"  دەدات
 
چین خوێندنەوەیەکی رژدتر و تووندتری بۆ گفتوگۆکان هەبوو.
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین (CCTV) بڵاویکردەوە: "لەسەر پرسی تیکتۆک، شی ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی چین روونە: حکومەتی چین رێز لە ویستی کۆمپانیاکان دەگرێ و پێشوازییان لێدەکات کە لەسەر بنەمای رێساکانی بازاڕ دانوستاندنی بازرگانی بکەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکان رابگرێ و لەگەڵ یاسا و رێنماییەکانی چیندا بگونجێت."
 
هەروەها هاتووە: "چین هیوادارە لایەنی ئەمریکی ژینگەیەکی بازرگانیی کراوە، دادپەروەرانە و دوور لە جیاکاری بۆ ئەو کۆمپانیا چینیانە دابین بکات کە لە ئەمریکا وەبەرهێنان دەکەن."
 
میدیای فەرمیی چین پەیوەندییەکەی بە "راشکاوانە و تێروتەسەل" وەسفکرد.
 
کۆنگرێسی ئەمریکا ساڵی رابردوو لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن یاسایەکی دەرکرد بۆ ناچارکردنی کۆمپانیای "بایت دانس"ی خاوەنی تیکتۆک تاوەکو لقی ئەپەکەی لە ئەمریکا بفرۆشێت، ئەوەش بە پاسای ئەوەی، نیگەرانی هەیە ئەپەکە لە لایەن چینییەکانەوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ئەمریکییەکانەوە بەکاربهێندرێ.
 
بەرپرسانی ئەمریکا، تەنانەت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپیشدا، هۆشدارییان دابوو کە رەنگە چین تیکتۆک بۆ کۆکردنەوەی داتای ئەمریکییەکان یان ئاراستەکردنی ئەو شتانەی لە سۆشیاڵ میدیا دەیبینن، بەکاربهێنێت.
 
بەڵام ترەمپ، کە بەکارهێنەرێکی چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە بڕیاری قەدەخەکردنی ئەپەکەی دواخست کە پێیوایە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی خۆی لە لە هەڵبژاردنی 2024.
 
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەپێی رێککەوتنێکی نزیک، بازرگانیی تیکتۆک لە ئەمریکا "لەلایەن هەموو وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان و کەسانی زۆر دەوڵەمەند و کۆمپانیاکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت."
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە ئەگەری دروستکردنی هاوپەیمانییەک کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی تیکتۆک کە بریتی دەبێ لە کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆجیی "ئۆراکڵ" و دوو سندووقی وەبەرهێنانی کالیفۆرنیا: "سیلڤەر لەیک" و "ئەندریسن هۆرۆویتز".
 
لاری ئێلیسن، خاوەنی کۆمپانیای ئۆراکڵ و یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان، لایەنگری ترەمپە. ئەمەش مانای وایە تیکتۆک دەبێتە نوێترین ئەپ کە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ یان کاریگەریی سەرۆک.
 
راگرتنی باجەکان
 
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام هێرشی دەکردە سەر چین و وەک نەیار دەیبینی، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی باس لە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ شی جینگپینگ دەکات.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵدا هەردوو وڵات لە کێشەیەکی چەند مانگەدا بەشێوەیەکی بەرچاو باجی گومرگییان لەسەر یەکدی بەرزکردەوە کە ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لە جیهان.
 
دواتر واشنتن و پەکین گەیشتنە رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی باجەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمدا کۆتاییدێ. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا باجی 30%ی لەسەر هاوردەی کاڵای چینی داناوە و چینیش باجی 10%ی لەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان سەپاندووە.
 
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە شی جینپینگ ئەم مانگە لووتکەیەکی گەورەی لەگەڵ سەرکردەکانی رووسیا و هیندستان رێکخست و بانگهێشتی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکووری کرد بۆ سەیرکردنی نمایشێکی سەربازیی گەورە لە پەکین بەبۆنەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەمەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا