جیهان
وێنەیەکی ئەو ژێردەریاییەی ترەمپ دەڵێت، کردوویانەتە ئامانج. وێنەکە لە ڤیدیۆیەک وەرگیراوە کە ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی گومانلێکراوی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر رادەستی ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا دەکاتەوە. ئەمەش دوای هێرشێکی سەربازی دێت بۆسەر ژێردەریاییەک کە واشنتن دەڵێت، بۆ بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر لە ناوچەی کاریبی بەکارهێندراوە. لەو هێرشەدا دوو کەس کوژرابوون.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا پشتڕاستیکردەوە، هاووڵاتییە کۆڵۆمبییەکە گەڕێندراوەتەوە وڵاتەکەی، بەڵام واشنتنی بە کوشتنی راوچییەک لە هێرشێکی پێشوودا تۆمەتبار کرد.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "شانازییەکی گەورە بوو بۆ من کە ژێردەریاییەکی زۆر گەورەی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەرم تێکشکاند کە بەرەو ئەمریکا لە رێگەیەکی ناسراوی قاچاخچێتییەوە دەڕۆیشت." گوتیشی، ژێردەریاییەکە پڕ بوو لە فێنتانیل و مادەی دیکەی هۆشبەر.
بە گوتەی ترەمپ، "دوو تیرۆریست کوژران و دوو تیرۆریستە رزگاربووەکەش ئێستا رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان، ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا، دەکرێنەوە، بۆئەوەی دەستبەسەر بکرێن و دادگایی بکرێن."
پێترۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "دڵخۆشین کە لە ژیاندایە و بەپێی یاسا دادگایی دەکرێت."
هێرشەکە کە رۆژی هەینی لەلایەن ترەمپەوە راگەیێندرا، نوێترین هەنگاوە لە هەڵمەتێکی سەربازیی بێوێنەی ئەمریکادا کە ترەمپ دەڵێت ئامانج لێی راگرتنی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکانە لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. پێنتاگۆن تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراوی بڵاونەکردووەتەوە کە ئەوانە قاچاخچیی مادەی هۆشبەر بن. لە هەمان کاتدا، پسپۆڕانی یاسا و دەستووری ئەمریکی دەڵێن کوشتنی ئەو خەڵکە، نایاساییە، تەنانەت ئەگەر بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیش بن.
هێرشەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کاریبی لە مانگی ئەیلوولەوە لانیکەم شەش کەشتیی کردووەتە ئامانج، کە زۆربەیان بەلەمی خێرا بوون؛ ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان واشنتن و ڤەنزوێلا.
هەڵمەتەکە رووبەڕووی سەرکۆنەکردنێکی بەرفراوانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بووەتەوە، لە کاتێکدا ترسی کاراکاس لەوە زیاد دەکات، کە ترەمپ هەوڵی گۆڕینی حکومەت بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ