رووداو دیجیتاڵ
چەند دزێک کە ئامێری بڕینی کارەباییان پێبوو، لە رووناکیی رۆژدا چوونە سەر مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس و چەندین گەوهەری "بەنرخیان" لە گەلەرییەکدا دزی، کە گەوهەرەکانی تاجی فەرەنسای تێدا نمایشکرابوو. دوای دزییەکە، یەکێک لە پارچە دزراوەکان، کە تاجێکی سەدەی نۆزدەیەمە، بە شکاوی لە نزیک مۆزەخانەکە دۆزرایەوە.
رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، "سێ یان چوار" دز بە بەکارهێنانی بارهەڵگرێکی مۆبیلیات (کرێنێکی بچووک) خۆیان گەیاندووەتە نهۆمی یەکەمی مۆزەخانەکە و توانیویانە دوو شووشەبەند بشکێنن و چەندین پارچەی "بەنرخی مێژوویی و کولتووری" بدزن.
دزییەکە لەنێوان کاژێر 9:30 بۆ 9:40ـی بەیانی روویداوە، تەنیا چەند خولەکێک دوای کردنەوەی مۆزەخانەکە بەڕووی سەردانکەراندا. سەرچاوەیەکی پۆلیس رایگەیاند، دزەکان بە ماتۆڕسکیلێک هاتوون و ئامێری ئانگڵ گرایندەر (کۆسەرە)ـیان پێبووە.
تاجەکەی ئیمپراتۆر ئۆژینی بە شکاوی دۆزرایەوە
راشیدە داتی، وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا پشتڕاستی کردەوە کە "یەکێک لە پارچە گەوهەرەکان لە نزیک لۆڤەر دۆزراوەتەوە."
دواتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەکە گوتی، پارچە دۆزراوەکە تاجێکی سەدەی نۆزدەیەمە، کە هی ئیمپراتۆر ئۆژینی هاوژینی ناپلیۆنی سێیەم بووە. بەپێی ماڵپەڕی مۆزەخانەکە، تاجەکە هەڵۆیەکی زێڕینی لەسەرە و بە 1,354 ئەڵماس و 56 زمڕوت رازێنراوەتەوە.
دزییەکە لە "گالێری ئەپۆلۆ" (Gallerie d'Apollon) روویداوە، کە شوێنێکی بە زێڕ رووپوشکراوە و پاشماوەی گەوهەرەکانی تاجی فەرەنسای تێدا نمایش دەکرێت، لەنێویاندا سێ ئەڵماسی مێژوویی بە ناوەکانی "رێجنت" "سانسی" و "هۆرتێنسیا".
لۆڤەر داخرا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد
دوای دزییەکە، کە بووە هۆی داخستنی مۆزەخانەکە، پۆلیس لە دەورووبەری هەڕەمە شووشەییەکەی دەرەوەی مۆزەخانەکە بڵاوبوونەوە و چەندین تیم بۆ لێکۆڵینەوە چوونە ژوورەوە.
داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە "دزیی رێکخراو و باند" دەستپێکردووە و خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن.
دزیکردن لە مۆزەخانەی لۆڤەر، کە ساڵانە ملیۆنان سەردانکەری هەیە، دەگمەنە. بەناوبانگترین دزی لە ساڵی 1911 روویدا، کاتێک تابلۆی مۆنا لیزا دزرا و دوای دوو ساڵ دۆزرایەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا چەندین مۆزەخانەی دیکەی فەرەنسا کراونەتە ئامانج. مانگی رابردوو، چەندین پارچە زێڕ بە بەهای 600 هەزار یۆرۆ لە مۆزەخانەی مێژووی سرووشتیی پاریس دزران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ