رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هاوکارییە داراییەکانی بۆ کۆڵۆمبیا رادەگرێت، کە هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمریکایە و سەرۆکی ئەو وڵاتەی بە چاوپۆشیکردن لە بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کرد.
رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 ترەمپ رایگەیاند، گۆستاڤۆ پێترۆی سەرۆکی چەپی کۆڵۆمبیا، هیچ کار بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی کۆکاین ناکات، ئەمە سەرەڕای "پارەدان و یارمەتیی بەرفراوانی ئەمریکا."
ترەمپ لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "لە ئەمڕۆوە ئەم پارەدانانە، یان هەر شێوازێکی دیکەی پارەدان یان یارمەتی بە کۆڵۆمبیا نادرێت." هەروەها گوتیشی، پێترۆ "بە تەواوی هانی بەرهەمهێنانی بەرفراوانی مادە هۆشبەرەکان دەدات."
مانگی رابردوو، واشنتن رایگەیاند کە کۆڵۆمبیای وەک هاوپەیمانێک لە شەڕی دژی مادە هۆشبەرەکاندا لابردووە. ترەمپ لە مانگی ئەیلوولدا پێترۆی بەوە تۆمەتبار کرد، کە نەک هەر شکستی هێناوە لە سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی کۆکاین، بەڵکو سەرپەرشتیی بەرزبوونەوەی بۆ "ژمارەی پێوانەیی" کردووە.
لە وەڵامدا، کۆڵۆمبیا کڕینی چەکی لە ئەمریکا راگرت، کە گەورەترین هاوبەشی سەربازییەتی.
هەروەها مانگی رابردوو، ئەمریکا ڤیزەی پێترۆی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، لە خۆپێشاندانێکی لایەنگری فەلەستیندا قسەی کرد.
پێترۆ هەروەها بەرامبەر بڵاوکردنەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو بەلەمانەی، کە واشنتن دەڵێت مادەی هۆشبەر بەرەو ئەمریکا دەگوازنەوە، رەخنەی زۆری گرتووە.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بە جۆرێک لە دەستوەردانی ئەمریکا لە کۆڵۆمبیا کرد.
ترەمپ نووسی: "پێترۆ، سەرکردەیەکی بێ جەماوەر و زۆر ناپەسەند، کە قسەی ناشرینی بەرامبەر ئەمریکا هەیە، باشترە دەستبەجێ ئەو کێڵگە کوشندانە دابخات، ئەگینا ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆی دادەخات و ئەمەش بە خۆشی و جوانی ناکرێت."
لەوکاتەوەی پێترۆ لە 2022ەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات، پشتگیریی لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کردووە، لە شەڕی دژی مادە هۆشبەرەکاندا، کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت، بۆ نموونە لەناوبردنی زۆرەملێ بۆ تیشکخستنە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە هاندەری بازرگانیکردنی مادە هۆشبەرەکانن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی حکومەتی کۆڵۆمبیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەژێر چاودێریی ئەودا، چاندنی کۆکا، کە ماددەی خاوی کۆکاینە، بە نزیکەی 70٪ زیادیکردووە.
پێترۆ مانگی رابردوو لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، هۆکاری ئەم ئامارانە بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی کۆکاین لە سەرانسەری جیهاندا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە ئەورووپا.
ئەو گوتی: "جیهان پێویستە سیاسەتی دژە مادە هۆشبەرەکانی بگۆڕێت، چونکە شکستی هێناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ