رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی فەرەنسا سزای زیندانیکردنی لە 3 ساڵ بۆ 15 ساڵ بەسەر 8 کەسدا سەپاند کە بەهۆی هەبوونی رۆڵ لە نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لە ساڵی 2023دا تۆمەتبار کرابوون؛ رووداوێک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس.
دوو هاونیشتمانی خەڵکی باشووری کوردستان، 6 ئەفغانستانی و هاووڵاتییەکی سوودانی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی تۆڕێکی قاچاخچێتیی کۆچبەران و بەرپرسیارێتی لە رووداوەکەدا لە فەرەنسا دادگایی کران.
دوو هاونیشتمانییەکەی خەڵکی باشووری کوردستان کە تەمەنیان نزیکەی 45 ساڵە و لە کەیسەکەدا وەک رێکخەری سەرەکیی تۆڕی قاچاخچێتییەکە ناسێندرابوون، قورسترین سزایان بەسەردا سەپێندرا کە بریتی بوو لە 12 ساڵ و 15 ساڵ زیندانی. ئەم سزایە بەهۆی بەرپرسیارێتییان بوو لە گیانلەدەستدانی 7 کۆچبەری ئەفغانستانی کە بە ئومێدی گەیشتن بە بەریتانیا گیانیان لەدەستدا.
سزاکان هاوتای داواکارییەکانی داواکاری گشتیی فەرەنسا بوو کە داوای سزای زیندانیکردنی لە 3 بۆ 15 ساڵ بۆ 8 تۆمەتبارەکە کردبوو، کە تەمەنیان لەنێوان 23 بۆ 45 ساڵدایە و بەپێی رۆڵ و بەرپرسیارێتییان لە تۆڕەکەدا سزاکانیان بۆ دیاری کرا.
هاوکات دادگەکە بڕیاری بێتاوان دەرکردنی بۆ تۆمەتباری نۆیەم دەرکرد کە پیاوێکی سوودانی بوو و لە هەرێمی دارفوری سوودان هەڵاتبوو. ئەو هاووڵاتییە تۆمەتباربوو بەوەی شۆفێری بەلەمەکە بووە، بەڵام دوای ئەوەی نووسینگەی داواکاری گشتی خۆی داوای ئازادکردنی کرد و وەک "قوربانییەک" و کەسێکی بەکارهێندراو لە رووداوەکەدا ناساندی، دادگا بڕیاریدا ئازادی بکات.
سەرۆکی دادگا لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا رایگەیاند: "تۆمەتبارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک سوودیان لە لاوازی و بێچارەیی زۆری [کۆچبەران] وەرگرتووە بۆ قازانجکردن لە گواستنەوەیان لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا."
دادوەرەکە رووی لە تۆمەتبارەکان کرد و گوتی: "هەمووتان کە بە تاوانی کوشتنی بێ مەبەست سزا دراون، ئەو دۆخەتان رەخساندووە کە بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی پێش گەیشتنی یارمەتی نقووم بوون؛ هەروەها ئەوانی دیکەشتان رووبەڕووی مەترسیی نزیکی مردن کردووەتەوە."
هاووڵاتییە سوودانییەکە تاکە کەس بوو کە لە کاتی دادگاییکردنەکەدا باسی لە تراژیدیاکە کرد، بەڵام رەتیکردەوە ئەو بەلەمەکەی لێخوڕیبێت و جەختی کردەوە کە ئەویش وەک سەرنشینەکانی دیکە قوربانی بووە.
67 کەس کە زۆربەیان کۆچبەری ئەفغانستانی و سوودانی بوون، لەنێو ئەو بەلەمە بچووکەدا بوون کە زیاتر لە توانای خۆی سەرنشینی هەڵگرتبوو. بەلەمەکە کاتێک دوای لەکارکەوتنی بزوێنەرەکەی لە نێوەڕاستی رێڕەوە ئاوییەکەدا لە ئابی 2023 نقووم بوو، کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە.
هەر حەوت قوربانییەکە کە گیانیان لەدەستدا هاووڵاتیی ئەفغانستانی بوون، لە کاتێکدا 60 کەسی دیکە لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاریی دەریایی فەرەنسا و بەریتانیاوە لە نۆکەندەکە رزگار کران.
لە مانگی حوزەیرانیشدا دادگەیەک لە شاری لیلی باکووری فەرەنسا سزای 7 بۆ 8 ساڵ زیندانیی بەسەر حەوت ئەفغانستانی و 2 هاونیشتمانی خەڵکی باشووری کوردستان سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی بەلەمێک کە کۆچبەری لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەگواستەوە لە ساڵی 2022 نقووم بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 8 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ