ئەمریکا و ئەورووپا داوا دەکەن ئێران هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات

19-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە پرۆژەیەکیان کە پێشکێشی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان کردووە دەڵێن، پێویستە ئێران "هاوئاهەنگی تەواوەتی" لەگەڵ ئاژانسەکە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە شەش مانگە هاوئاهەنگییەکانی تاران و ئاژانسەکە راگیراون.
 
رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2025، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پڕۆژەیەکیان دایە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی دادوەرانی ئاژانسەکە دەنگی لەسەر بدرێت کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت. ئەو وڵاتانە دەڵێن، پێویستە ئێران "هاوئاهەنگی تەواوەتی" لەگەڵ ئاژانسەکە بۆ چاودێری بنکە ئەتۆمیەکانی بکات و پێویستە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان بکەن. 
 
حوزەیرانی ئەم ساڵ ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. جەنگەکەیان 12 رۆژ بەردەوام بوو و بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەستیان کرد. دوای دەستپێکی جەنگەکە، ئێران هەموو هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە راگرت و رەتیکردەوە لە دانوستاندنەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێت، کە پێش جەنگەکە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کردبوو. 
 
هەفتەی رابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای لە ئێران کرد رێگە بە پشکنەرەکانیان بدەن ئەو کۆگا ئەتۆمیانەیان بپشکنن کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی تێدایە. لە پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیدا هاتووە، "ئێران زیاتر لە پێنج مانگە شکستیهێناوە لە پێدانی زانیاری داواکراو لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە" سەبارەت بە یۆرانیۆمە پیتێنندراوەکەی و کۆگا و بنکە ئەتۆمییەکانی.
 
پێش جەنگەکە، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەبوو. لە کاتی جەنگەکەدا ئەمریکا بنکەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی بۆردوومان کرد. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لەنێوچووە، ئێرانیش تەنیا دەڵێت، زیان بە بنکەکان گەیشتووە بەبێ ئەوەی باسی لەنێوچوونی یۆرانیۆمەکە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە