دادگەی وردبینی یەکێتیی ئەورووپا: هاوکارییە مرۆییەکانمان بۆ هەژارانی ئەفریقا ئامانجی خۆی نەپێکاوە

19-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دادگەی وردبینی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، لە دەیەی رابردوو ملیاران یۆرۆیان وەکو هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسیێتی لە کیشوەری ئەفریقا تەرخانکردووە، بەڵام زۆرجار ئەو هاوکارییانە ئامانجی خۆیان نەپێکاوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، دادگەی وردبینی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، لە 2014ەوە 11 ملیار دۆلاریان بۆ رووبەڕووبوونەوەی برسیەتی لە ئەفریقا تەرخانکردووە. دەشڵێت، بەشێکی زۆری هاوکارییەکان نەگەیشتوونەتە ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستییان پێیەتی یان نەیانتوانیوە ئامانجی خۆیان بپێکن. 
 
بێتینا یاکۆبسن ئەندامی دادگای وردبینیی ئەورووپا رایگەیاند: پێویستە سەرنجێکی زیاترمان لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باشووری بیابانی ئەفریقا هەبێت".
 
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەفتەی داهاتوو بەرەو ئەنگۆلا دەچن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوتاکانیان لە یەکێتیی ئەفریقا، هاوکات داواکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا زیاد دەکەن تاوەکو لە هاوکاریی پەرەپێدانی نەریتی دووربکەوێتەوە و لەبری ئەوە زیاتر وەبەرهێنان لە بازرگانییە ناوخۆییەکاندا بکات.
 
وردبینیەکە دەرخەری ئەوە بوو کە دەستپێشخەرییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی هەرچەندە "گرنگن"، بەڵام زۆرجار بەدەست "لاوازی لە دیزاین، چاودێریکردنی پڕۆژەکان و ئاڵنگاری لە چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکانی ئاساییشی خۆراک"ـەوە دەناڵێنن  کە ئەمەش لە بەرامبەردا "ئەنجامی تێکەڵ [باش و خراپ]"ی لێکەوتووەتەوە.
 
وردبینان لە راپۆرتەکەدا نووسیویانە، پڕۆژەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ کە ئامانجی "پشتیوانیکردنی بەرنامەداڕشتنی کاریگەر بوو بۆ ئاساییشی خۆراک، خۆراکپێدان و خۆڕاگری" لە ئەسیوپیا، سەرەتا ئەو ناوچانەی کردبووە ئامانج کە تووشی برسێتی توند نەبوون، نەک ئەو ناوچانەی "کە پێویستیان بە کاردانەوەی بەپەلەتر هەبوو".
 
بەرنامەیەکی دیکە لە کینیا وایکرد وەرگران بۆ ماوەی دوو ساڵ تۆوی بەرگەگر بە کەشوهەوا وەربگرن و ئەنجامی ئەرێنیشی هەبوو. بەڵام "بەهۆی دووریی شوێنە جوگرافییەکەیانەوە"، جووتیاران "نەیانتوانی دوای کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە دەستیان بەو تۆوانە بگات".
 
زۆربەی ئەو کۆمپیوتەرانەی کە درابوون بە سەنتەرێکی ڕاهێنانی کشتوکاڵی لە هەمان وڵاتدا، لە کاتی سەردانی وردبیناندا "هیچ هێڵێکی ئینتەرنێتیان نەبوو و کاریان نەدەکرد".
 
دادگای وردبینیی ئەورووپا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دواکەوتنەکان بوونە هۆی ئەوەی هەندێک قەرزی بانکیی گونجاو بۆ هاوکاریکردنی خاوەن زەوییە بچووکەکان لە کینیا و زامبیا، لەلایەن کەسانێکەوە سوودیان لێ ببینرێت کە شایستەی نەبوون. 
 
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، پار 295  ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتی توند بوونەتەوە و بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی 14 ملیۆن کەس زیادیکرد. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە