سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هامبۆرگ: کۆچکردن و وزەی هەرزان لە پێشینەکانی ئێمەن

20-01-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دریک نۆکەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هەرێمی هامبورگ
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دریک نۆکەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هەرێمی هامبورگ
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هەرێمی هامبۆرگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ رووداو رایگەیاند کە پارتەکەی تەنیا پارتێکە داوای وزەی هەرزان و سنوورداکردنی کۆچ دەکات بۆ ئەڵمانیا.
 
دریک نۆکەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هەرێمی هامبۆرگی ئەڵمانیا جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و گوتی: "دەمانەوێت بزانین کێ بە شێوەیەکی ئەرێنی دێتە وڵاتەکەمان". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پارتەکەی دژی "ئیسلامیزمی تووندە" و پشتگیری لە کۆمەڵگەیەکی عەلمانی دەکات.
 
سەبارەت بە پەروەردە، نۆکەمان رایگەیاند کە پارتەکەی دەیەوێت چەمکی سەرکەوتن بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان و بابەتە زانستی و تەکنیکییەکان بەهێز بکات.
 
هاوکات، سەرەڕای ئەوەی کە پارتەکانی دیکە رەتی دەکەنەوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی جێگرەوە پێکبهێنن، نۆکەمان پێی وایە کە بە زیادبوونی دەنگەکانیان، پارتەکانی دیکە ناچار دەبن بەشێک لە بەرنامەکانیان قبووڵ بکەن.
 
لەبارەی کۆچیشەوە گوتی: "ئێمە وەک تەنها پارتی متمانەپێکراو دەبینرێین، کاتێک دەڵێین دەمانەوێت کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا سنووردار بکەین. هەروەها پێم خۆشە کە هامبۆرگ شارێکی جیهانییە، کە هەموو جۆرە کولتوورێک پێکەوە دەژین، بەڵام دەبێت سنوور هەبێت."
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دریک نۆکەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە لە هەرێمی هامبورگ
 
رووداو: بەڕێز نۆکەمان، سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، من ئەمڕۆ لێرە ئامادەبووم لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەتان، سەرۆکی پارتەکەتان کە هەم کاندیدە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا لێرەبوو، بۆ ئێوە چەند گرنگ بوو کە لەم شارەوانییە و بە ئامادەبوونی نزیکەی هەزار کەس بەڕێوەچوو؟ 
 
نۆکەمان: ئەمە دەگمەنە لێرە، کە 840 کەسمان لە شارەوانی هامبۆرگ هەیە. سروشتی بوو، کە خاتوو ڤایدڵ سەرنجی ئەم خەڵکەی راکێشا. ئەو ژنێکی زۆر متمانە بەخۆ، خوێندەوار و ئابووریناسێکی بەتوانایە. ئەو لە راستیدا باشترین سەرمایەی ئێمەیە، کە ژنێکی وا خۆشەویستمان هەیە، کە لە هەمان کاتدا دەتوانێت کۆڵنەدەریش بێت، دەتوانێت زۆر هەستیاریش بێت، وەک ئەمشەو بینیمان و بە سادەیی ئابووریناسێکی تەواوە، کە ئەومان لە سەرەوەی خۆمان هەیە، ئەمە یەکسەر پارتەکە تۆزێک خۆشەویستتر دەکات. پێم وایە ئەمە باشە، پێم وایە ئەمە راستە، بۆیە ئەو هاتە ئێرە. من هەمیشە دڵخۆشم کاتێک ئەو دێت.
 
رووداو: ئەمڕۆ باسی چەند بابەتێکی سەرەکی پرۆگرامی هەڵبژاردنتان کرد و بە چەپڵە وەڵامتان درایەوە، بەپێی راپرسیەکان بێت دەنگەکانتان زیادی کردووە. هۆکاری ئەمە چییە؟
 
نۆکەمان: خەڵک دەبینن کە سیاسەت لە ساڵان و دەیەکانی رابردوودا بەردەوام بەڵێنی نوێی داوە، بەڵام ئەم بەڵێنانەی بەجێنەهێناوە. ئێستا ئێمە دووچاری داڕمانێکی ئابووری دراماتیکی بووینەتەوە. پیشەسازی ئەڵمانیمان، بەتایبەتی پیشەسازی وزە، لەوانەیە لێرە لاوازببێت، چونکە بارودۆخی بەرهەمهێنان لە ئەڵمانیا چیتر بەردەوام نییە. زۆر گران دەبێت و پیشەسازی چیتر کێبڕکێکار نییە. ئەمە یەکێکە لەو کێشە گرنگانەی کە خەڵکیش دەیبینن. ئێمە تەنها پارتێکین کە بەڕاستی داوای وزەی هەرزان دەکەین. گاز و خەڵووزیش، بەڵێ، خەڵووز دەکرێت لەم کاتانەدا بەکار بهێنرێت. هەروەها دەتوانن پلانی CO2  جێبەجێ بکەن، هەموو ئەمانە دەکرێن.
 
هەروەها ئێمە وەک تەنها پارتی متمانەپێکراو دەبینرێین، کاتێک دەڵێین دەمانەوێت کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا سنووردار بکەین. هەروەها پێم خۆشە کە هامبۆرگ شارێکی جیهانییە، کە هەموو جۆرە کولتوورێک پێکەوە دەژین. ئەوە تەواو ئاساییە و دڵخۆشم پێی. مرۆڤ دەتوانێت بەو فرە کولتوورییە دەوڵەمەندیش بێت، بەڵام دەبێت سنوور هەبێت. ئەوەی نامانەوێت ئەم ئیسلامیزمە تووندەیە کە لێرە لە هامبۆرگ دەیبینین، کە زۆرجار لە شەقامەکان دەیبینین، کە خەڵک داوای دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. ئێمە ئەوە رەت دەکەینەوە، ئەوەمان ناوێت. ئێمە نەتەوەیەکی شارستانین و نامانەوێت دەوڵەتێکی ئایینی، بەڵکو یاسا عەلمانییەکانمان و بەتایبەتی دیموکراسییەکەمان، ئازادی دەربڕینمان دەوێت. ژنەکانمان دەبێت متمانەیان بە خۆیان هەبێت و بەهێز بن و نابێت وەک لە ناوچە ئیسلامییەکان باوە پێنج مەتر لە دوای پیاوان بڕۆن.
 
رووداو: باشە ئێوە لە پرۆگرامی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانتاندا زۆر باسی سیاسەتی کۆچبەران و کۆچی پێچەوانە دەکەن . ئێوە مەبەستانە تەنها ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان نییە لێرە بگەڕێنەوە یاخود دەتانەوێت بە تەواوەتی کۆچ بۆ ئەڵمانیا قەدەغە بکەن؟
 
نۆکەمان: یەکەم جار ئێمە دەتوانین سنوورەکان کۆنترۆڵ بکەین. دەمانەوێت بزانین کێ بە شێوەیەکی ئەرێنی دێتە وڵاتەکەمان. بارودۆخی ئێستا وایە کە هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بێتە ئەڵمانیا، بڵێت سڵاو، من لێرەم و داوای پەنابەری بکات. ئێمە دەمانەوێت ئەوە بگۆڕین. ئەمە کار ناکات. نازانین کێ دێت. تاوانباران دەتوانن بێنە ژوورەوە، ئیسلامییەکان دەتوانن بێنە ژوورەوە. دەبێت ئەمە رەت بکرێتەوە. کەواتە کۆنترۆڵی ئەوە بکە کێ دێتە ژوورەوە. ئەوانەش کە مافی مانەوەیان نییە، وەک پێشتر لە وتارەکەمدا روونم کردەوە، کە دەبێت وڵات بەجێ بهێڵن، چونکە تاوانبارن، یان بۆ نموونە چونکە هەڕەشە لە جووەکان دەکەن نابێت مافی نیشتەجێبوون لێرە وەربگرن.
 
بەڵێ وەک پرەنسیپ ئەوەیە، بەڵام نامانەوێت ئێستا ملیۆنان کەس لە ئەڵمانیا دەربکەین. ئەمە ئێستا تەنانەت لە توانادا نییە. کردەییش نییە. هەروەها پێویستیشمان هەیە، ئێستا پێویستیمان بە کەسانی زۆرە کە لێرە کار دەکەن. من لەم دواییانە لە نەخۆشخانە بووم، لە نێو پەرستارەکان، پزیشکەکانیش، تەنها چەند ئەڵمانییەکی کەممان مابوو. ئەمەش واتە ئەگەر هەموو ئەوانی دیکە بە جۆرێک بڕۆن، ئێرە تاریک دەبێت. ئێمە ئەوەمان ناوێت.
 
رووداو: بەرێزتان دەڵێن ئەوەمان ناوێت، باشە ئێوە دەڵێن کۆچبەرێکی زۆر هەن کە دەبێت لێرە دێپۆرت بکرێنەوە، بەڵام تا ئستا دێپۆرت نەکراونەتەوە، چونکە لە رێگەی یاساوە هەندی جار ئاسان نییە. ئێوە دەتانەوێت چۆن گۆڕانکاری لە یاسادا بکەن ؟ 
 
نۆکەمان: کەواتە بێگومان دەبێت روو لەو وڵاتانە بکەین، کە ئێستا رەتی دەکەنەوە دانیشتوانی خۆیان وەربگرنەوە. رێسای یاساییمان هەیە کە دەکرێت ئەمە روو بدات، بەڵام بەڕاستی دەمانەوێت هەوڵ بدەین پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ئەوێ لە شوێنی خۆیان بکەین و بڵێین، ئەگەر خەڵکی خۆتان وەرنەگرنەوە، ئەوا چیتر بارودۆخی ئابووری نامێنێت. ئیتر پەیوەندی ئابووری نامێنێت، ئیتر تەواو.
 
رووداو: پارتی جێگرەوە دەیەوێت چی بکات بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووریی ئەڵمانیا و هەروەها لە پەروەردەدا دەتانەوێت چ گۆڕانکاریێک بکەن؟ 
 
نۆکەمان: ئێمە دەمانەوێت چەمکی سەرکەوتن بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان. پەروەردە پەیوەندی بە گاڵتەکردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە فێربوونی سەخت و تێکەڵکردنی سەختی بیرۆکەکانەوە هەیە. دەمانەوێت بابەتە زانستییەکان، بابەتە تەکنیکییەکان، لە قوتابخانەکان بەهێز بکەینەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزیان بکەین. زۆر بابەت هەن کە تەنها دەبێت باسی شتەکان بکەیت، ئەمەش وڵاتەکەمان بەرەو پێش نابات. ئەوەش گرنگە، بەڵام وڵاتەکەمان بەرەو پێش نابات. بۆیە دەمانەوێت ئەم بوارە بەهێز بکەین. بیرکردنەوەی ئامانجدار، تەکنەلۆژیا، زانست دەبێت بەرهەم بهێنین.
 
رووداو: بەڵام هەموو پارتەکان رەتی دەکەنەوە لەگەڵ ئێوە هاوپەیمانی پێکبهێنن. ئێوە دەتانەوێت چۆن گۆڕانکاری بکەن ئەگەر لە حکومەت بەشدار نەبن؟ 
 
نۆکەمان: سەرەتا ئەگەرچی لە حکومەتیش نین، تەنها لە رێگەی بەرنامەکەمانەوە، تەنها لە رێگەی ئەو پێشنیازانەی کە دەمانبن، بە سروشتی پارتەکانی دیکە بەرەو پێش دەبەین. ئەوان دەبینن کە دەنگی زیاتر و زیاتر وەردەگرین، بۆیە بەشێکی بەرنامەکانی ئێمەش وەردەگرن. لە خاڵێکدا گوشاری AfD ئەوەندە بەهێز دەبێت، لە ویلایەتە فیدراڵییە رۆژهەڵاتییەکان دەست پێدەکات، لە ساکسۆنیا، کە لەوێ 33 تا 36٪ـی دەنگەکانیان هەیە، ئینجا CDU روو لە ئێمە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کریس ڤان هۆڵن، کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا.

کریس ڤان هۆڵن لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسە بۆ رووداو دەکات

کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ناسراوی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ماوەیەکی زۆرە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەناسێت.