رێوڕەسمی سوێندخواردنی ترەمپ چۆن دەبێت؟

20-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە 20-01-2025 سوێندی دەستووری دەخوات و دەبێتە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا. ئەمە دووەمجارە ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی و چوار ساڵ سەرکردایەتیی ئەمریکا دەکات.

بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا مادەی 2 بەشی 1 بڕگەی 8، سەرۆکی هەڵبژێردراو لە دوانیوەڕۆی 20ـی کانوونی دووەم سوێند دەخوات.
 
رێوڕەسم و خشتەی سوێندخواردنی سەرۆک و جێگری هەڵبژێردراو لەلایەن لیژنەی هاوبەشی کۆنگرێس بۆ ئاهەنگی سوێندخواردن دادەڕێژرێت.
 
لیژنەکە سەرپەرشتیی هەشت بۆنەی رۆژی سوێندخواردن دەکەن:
 
- رێوڕەسمی چوونە کۆنگرێس کە بە کاپیتۆڵ ناسراوە.
- رێوڕەسمی سوێندخواردنی جێگری سەرۆک.
- رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک.
- گوتاری دەستبەکاربوون.
- رێوڕەسمی رێزلێنان و ماڵئاوایی لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پێشوو.
- رێوڕەسمی واژۆکردن کە تێیدا سەرۆکی نوێ واژۆ لەسەر بەربژێرکردن، یاداشت، راگەیاندن یان فەرمانی سەرۆکایەتی دەکات.
- نانی نیوەڕۆی رۆژی دەستبەکاربوون.
- پێداچوونەوەی سەربازی کە تێیدا سەرۆک و جێگری سەرۆک پێداچوونەوە بە هێزە سەربازییەکان دەکەن پێش ئەوەی لە شەقامی پێنسلڤانیاوە بەرەو کۆشکی بەپێ بڕۆن.
 
هەموو خولێکی سەرۆکایەتی، رێوڕەسمی سوێندخواردن ناوێکی هەیە. ئەوەی ئەم ساڵ (دیموکراسییە بەردەوامەکەمان: بەڵێنێکی دەستووری)ـیە.
 
رێوڕەسمی سوێندخواردن لە کاژێر 11:30 پێش نیوەڕۆ بەکاتی واشنتن [7:30 ئێوارە بەکاتی هەولێر] دەبێت.
 
دەقی سوێندخواردنی جێگری سەرۆک
 
"من [ناوی جێگری سەرۆک] بە فەرمی سوێند دەخۆم کە لە دژی هەموو دووژمنێک، چ دەرەکی و چ نێوخۆیی، پشتیوانی و بەرگری لە دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم؛ باوەڕ و وەفاداریی راستەقینە بۆ هەمان دەستوور دەردەبڕم. ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئازادی وەردەگرم، بێ هیچ دوودڵییەک یان مەبەستی خۆدزینەوە و بە باشی و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی ئەو نووسینگەیە جێبەجێ دەکەم کە خەریکم دەچمە نێوی. خودا یارمەتیم بدات."

 

 
دەقی سوێندخواردنی سەرۆکی ئەمریکا
 
"من [ناوی سەرۆکی ئەمریکا] بە فەرمی سوێند دەخۆم کە بە دڵسۆزییەوە ئەرکی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەم و بە باشترین توانام، پابەندی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبم، دەیپارێزم و بەرگری لێدەکەم."
 
رێوڕەسمەکانی دەستبەکاربوون بە پێشەکییەکی میوزیکی دەست پێدەکەن.
 
کاردیناڵ تیمۆسی دۆلان، ئوسقوفی نیویۆرک و قەشە فرانکلین گراهام نزایەک پێشکەش دەکەن. کریستۆفەر ماکیۆ، گۆرانیبێژی ئۆپێرا گۆرانیی"ئەی، ئەمریکا!" دەڵێت.
 
پاشان برێت کاڤانۆ، دادوەری دادگەی باڵا سوێندی جێگری سەرۆکایەتی بە جەی دی ڤانس دەدات. 
 
جۆن رۆبەرتس، سەرۆکی دەستەی دادوەران سوێندی سەرۆکایەتی بە ترەمپ دەدات.
 
رێوڕەسمەکە بە نزایەک لە حاخام ئاری بێرمان، سەرۆکی زانکۆی یەشیڤا؛ ئیمام هیشام حوسەینی لە ناوەندی پەروەردەی ئیسلامیی کەربەلا؛ قەشە لۆرێنزۆ سیوێڵ لە کەنیسەی 180ی دیترۆیت و قەشە فرانک مان لە کەنیسەی کاسۆلیکی رۆمانی برۆکلین، ئینجا سروودی نیشتمانیی ئەمریکا، کۆتایی دێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت