رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، 20-01-2025، دۆناڵد جۆن ترەمپ لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە سوێندی یاسایی خوارد و بووە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا. ئەمە دووەم جارە ترەمپ بەم ئەزموونە تێدەپەڕێت، لە خولی 2016-2020 وەکو 45ـەم سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو.
لە رێوڕەسمەکە میلانیای هاوژینی، ئینجیلی لەدەست گرت و ترەمپیش دەستی چەپی لەسەر ئینجیلەکە دانا، دەستی راستی بەرز کردەوە و سوێندی خوارد: "بە فەرمی سوێند دەخۆم کە بە دڵسۆزییەوە ئەرکی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکەم و بە باشترین توانام، پابەندی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبم، دەیپارێزم و بەرگری لێدەکەم."
هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگری لە پشتییەوە دانیشتبوون، ئەمە جگە لە ئامادەبوونی دەیان سەرۆکی پێشوو، بەرپرس و دەوڵەمەندی ناوداری ئەمریکا لە نێو هۆڵەکە.
بەشێوەیەکی نەریتی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پەیژەکانی کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، بەڵام ترەمپ بەهۆی سەرماوە چووە نێو باڵاخانەی کۆنگرێس.
ترەمپ چووە بەردەم مایکی کۆنگرێس و زۆر بە ئارامییەوە گوتارێکی ئاگرینی پێشکێشکرد. ترەمپ گوتی: "چەرخی زێڕینی ئەمریکا ئەمڕۆ دەستپێدەکات. دەبێت جیهان ئیرەیی بە ئەمریکا ببەن و رێزلێگیراویش بێت."
سەرۆکی تازە دەستبەکاربووی ئەمریکا بەڵێنی دا باجی گومرگی بخاتە سەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی ئەمریکا، نەوتی زیاتر دەربهێنرێت و ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی چوونەتە نێو وڵاتەکەی، دیپۆرتیان بکاتەوە.
ترەمپ لە گوتارەکەی گوتی: "زنجیرەیەک بڕیاری سەرۆکایەتیی مێژوویی" واژۆ دەکات کە سەرنجیان لەسەر کۆچبەران و ئابووری دەبێت.
ترەمپ رایگەیاند، باری لەناکاو لەسەر سنووری باشووری ئەمریکا کە هاوسنووری ئەمریکایە، رادەگەیەنێت بۆ ئەوەی کۆچ بە ئاراستەی ئەمریکا رابگیرێت و گوتیشی: "کۆچبەرە تاوانکارەکان دیپۆرت دەکەینەوە."
ترەمپ هەروەها گوتی، خاڵی لەپێشینەی ئەو بریتییە لە دروستکردنی نیشتمانێک کە سەربەرز، خۆشگوزەران و ئازادە.
ترەمپ باسی ساتی بریندارکردنەکەی کرد کە گوللەیەک بەر گوێی کەوت و گوتی: "خودا ژیانی منی پاراست بۆ ئەوەی ئەمریکا دووبارە مەزن بکەمەوە."
ترەمپ رۆژی سوێند خواردنەکەی بە "رۆژی ئازادی" ناوبرد و گوتی: "هیوادارم کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیمان بە گەورەترین و گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی وڵاتەکەمان یاد بکرێتەوە."
ترەمپ دەستی لە جۆ بایدن و ئیدارەکەشی نەپاراست و گوتی: "ئێمە ئێستا حکومەتێکمان هەیە کە ناتوانێت قەیرانێکی بچووکی نێوخۆیی چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا چەندین کارەساتی لە دەرەوە ناوەتەوە. حکومەتێکمان هەیە کە پارە بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی دەرەوە خەرج دەکات، کەچی رەتیکردەوە بەرگری لە سنوور و خەڵکی ئەمریکا بکات."
سەرۆکە 78 ساڵییەکە گوتی، شکست و پاشەکشەی ئەمریکا بەسەرچووە و "گۆڕانکاری بە زوویی روودەدات." ئەو هەروەها باسی ئەوەیکرد: "هەڵبژاردنی من ئەرکێکە بۆ ئەوەی خەڵک بڕوا، سامان، دیموکراستییەت و ئازادیی خۆیان بەدەستبهێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ