لە بەرازیل بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوی لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەستدا

20-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
نیشانەکردن بەرازیل لافاو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوی لە بەرازیل، لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەستدا و بەرپرسانیش هۆشداریدەدەن لەوەی ژمارەکە بەرزدەبێتەوە.  
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023، حکومەتی خۆجێیی ویلایەتی ساوپاولۆی بەرازیل رایگەیاند، لانیکەم 35 کەس لە شاری ساو سێبەسیۆ گیانیان لەدەستداوە و کچێکیش لە شاری یوباتوبای ویلایەتەکە گیانی لەدەستداوە. 
 
هێنگوێل پێرەیرا، سەرۆکی بەرگریی شارستایی بەرازیل بە میدیای وڵاتەکەی گوت:" بەداخەوە چاوەڕوان دەکەین گیانلەدەستدانی زیاترمان هەبێت". 
 
حکومەتی بەرازیل دەڵێت، هەر بەهۆی لافاوەوە، 225 کەس ماڵەکانیان تێکچووە و 338 کەسی دیکەش بەهۆی ئەوەی لافاو چووەتە نێو خانووەکانیان، ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن. 
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند کەس بەهۆی لافاوەوە بێسەروشوێن بوون. بەرپرسانیش 1.5 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و قەرەبووکردنەوەی لێقەوماوان تەرخانکردووە. هاوکات 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندا بە هێلیکۆپتەر، بەشدارن. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی بەرازیل، لە ماوەی 24 کاژێردا لە ویلایەتی ساوپاولۆ 60 سانتیمەتر باران باریوە. ئەوەش دەکاتە دوو هێندەی ئەو بڕە بارانەی لە باری ئاساییدا لە ماوەی مانگێکدا لەو ویلایەتە دەبارێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە