یونسکۆ بۆ رووداو: نەورۆز تایبەت نییە بە نەتەوەیەکی دیاریکراو

20-03-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یونسکۆ رەتیدەکاتەوە نەورۆزیان وەکو جەژنی نەتەوەیەک دیاریکردبێت و دەڵێت، جەژنی نزیکەی 300 ملیۆن کەسە لە جیهاندا. ئەوەش لە کاتێکدایە، هەندێک جار لەلایەن هەندێک دەزگای میدیایی رۆژئاواییەوە وەکو جەژنی نەتەوەی فارس دەخرایەڕوو.

گوتەبێژێکی رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- یونسکۆ لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەوەی "ئایا نەورۆزیان وەکو جەژنی هیچ نەتەوەیەکی تایبەتی دیاریکردووە یان نا؟" رایگەیاند، کاتێک بۆنەیەکی "پڕ بەهای کولتووری دەخرێتە نێو لیستی پەیماننامەی یونسکۆ، تایبەت بە پاراستنی کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو، ئەو هەنگاوە واتای ئەوە ناگەیێنێت بۆنەکە تایبەتە بە لایەنێکی دیاریکراو یان خاوەندارییەکەی بۆ یەک لایەن دەگەڕێتەوە."

ئەو گوتەبێژە دەڵێت، نەورۆز کە بە چەندین شێوەی دیکەی وەک (نەورۆز، نوڤروز، نوروز، نەوریز، نوروز، نەڤروز) ناوی دەهێندرێت، دەڵێت، "ساڵی 2016 لەسەر داوای ئەفغانستان، ئازەربایجان، هیندستان، عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کازاخستان، کیرغیزستان، پاکستان، تاجیکستان، تورکیا، تورکمەنستان و ئۆزبەکستان خرایە نێو لیستی نوێنەرایەتیی یونسکۆ تایبەت بە کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو."

گوتەبێژەکە ئاماژە بەوە دەکات، یونسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، نەورۆز "لە چەندین کۆمەڵگەی دیکەی وڵاتانی دیکەش پیرۆز دەکرێت؛ بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن دەگاتە 300 ملیۆن کەس."

(پەیماننامەی پاراستنی کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو) بریتییە لە پەیماننامەیەکی یونسکۆ کە لە کۆنفرانسی گشتیی رێکخراوەکە لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2003 پەسند کرا. پەیماننامەکە ساڵی 2006 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانجەکەی بەم شێوەیە باسکراون:

یەکەم: پاراستنی کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو (پڕ بەها).

دووەم: دڵنیاییدان لە رێزگرتن لە کەلەپووری کولتووریی پڕ بەهای کۆمەڵگەکان، گرووپەکان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بەو کەلەپوورەوە.

سێیەم: بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ئاستی ناوخۆیی، نەتەوەیی و نێودەوڵەتی لەبارەی گرنگی ئەو کەلەپوورانە و دڵنیاییدان لە بە بەرزراگرتنیان.

چوارەم: هەبوونی هاریکاری و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پاراستنی ئەو کەلەپوورانە.

جەژنی نەورۆز لەلایەن نەتەوەی کوردەوە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و زۆر رووداوی نەتەوەیی کورد پەیوەستن بە نەورۆزەوە، هەروەها رۆژی یەکەمی نەورۆز پەیوەستە بە گۆڕانی وەرزی ساڵەوە لە زستانەوە بۆ بەهار و بووژانەوەی سرووشت و کار لە کوردستان. هەروەها پیرۆزکردنی نەورۆز بە رێوڕەسمی تایبەت و جیاوازە لە نەتەوەکانی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە