وێڕای ئاگربەست، بە درێژایی شەو دەنگی تەقە لە خەرتوومی پایتەختی سوودان دەبیسترا

20-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای ئاگربەست، بە درێژایی شەوی رابردوو و بەیانیی ئەمڕۆ، دەنگی تەقە لە خەرتوومی پایتەختی سوودان دەبیسترا. 
 
دوای ئەوەی کە ئەم هەفتەیە هەوڵێکی ئاگربەست شکستیهێنا، ئێستا هەردوو لایەنی شەڕەکە پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەستێکی 24 کاژێری راگەیاندووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی کپبوونی دەنگی تەقە. 
 
هەوڵی ئاگربەستە نوێیەکە دوای ئەوە هات کە هۆشدارییەکان زیاتربوون بەوەی ملیۆنان خەڵکی سوودانی لە لێواری کارەساتدان بەهۆی پێنج رۆژ لە شەڕی سەختی نێوان دوو ژەنەراڵی بەهێزی وڵاتەکە. 
 
ئاگربەستەکە کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد و لە کاژێرەکانی سەرەتایدا شەڕەکە هێوربووەوە، بەڵام لە نێوەڕاستی شارەکە تەقە بەردەوام بوو. 
 
خەڵکی خەرتووم تەقە، بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەکانەوە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا نەیانتوانیوە بڕۆنە دەرەوە خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەیان بکڕن. 
 
نەخۆشخانەکانیش زیانیان بەرکەوتووە و ناچاربوون دابخرێن یانیش بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارەکان، شوێنیان نەماوە، کارمەندەکانیان ماندوون و پێداویستییە پزیشکییەکانیش کەمبوونەتەوە.  
 
لە ماوەی شەڕەکەدا، رووداوەکانی دزیکردن و تاڵانکردن زیادیانکردووە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 300 کەس لە پێنج رۆژی رابردوودا کوژراون، بەڵام پێدەچێت ئاماری راستەقینە لەوە زیاتر بێت، چونکە ژمارەیەک تەرم لەسەر شەقامەکان ماون و هێشتا هەڵنەگیراونەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە