رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە داوای سێ رۆژ ئاگربەست لە سوودان دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو دێت دۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا خراپتر دەبێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە داوای "لانیکەم سێ رۆژ ئاگربەست" دەکەن و گوتی، "ئێمە لە ساتێکی زۆر گرنگی رۆژژمێریی موسڵماناندا دەژین. پێموایە ئەمە کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی ئاگربەستێک رابگەیێندرێت".
گوتێرێز گوتیشی کە لەگەڵ لایەنەکانی شەڕ لە پەیوەندیدان و "پێمان وایە کە دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت کە داوای دەکەین".
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە 15ـی ئەم مانگەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ بەردەوامە.
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 330 کەس کوژراون و سێ هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 20 هەزار کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن و روو لە چادی دراوسێی سوودان بکەن.
یونیسێف دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 9 منداڵ بەهۆی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە دۆخی مرۆیی وڵاتەکە دەدات و دەڵێت، شەڕ و پێکدادان ملیۆنان کەس دەباتە لێواری برسێتییەوە، لە وڵاتێکدا کە 15 ملیۆن کەس کە دەکاتە سێیەکی تەواوی دانیشتووانەکەی ئاسایشی خۆراکیان نییە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، سێ کارمەندی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە سوودان کوژراون و دوای ئەوەش پرۆگرامەکە ناچار بوو تەواوی چالاکییەکانی رابگرێت.
دۆخی نەخۆشخانەکانیش تا دێت خراپتر دەبێت؛ سەندیکای پزیشکانی سوودان دەڵێت، نزیکەی 70٪ـی نەخۆشخانەکانی خەرتووم و دەوروبەری بەهۆی شەڕەوە پێداویستیی پزیشکییان لێبڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ