رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران راگەیاند و دەڵێت، پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی ئێران دووپاتدەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە گەلی ئێران کرد: "بەفەرمی سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێران دەکەین بەهۆی گیانلەدەستدانی سەرۆک ئیبراهیم رەئیسی؛ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرانی".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی ئێران دووپاتکردووە و دەڵێت: "لەکاتێکدا ئێران سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، پشتیوانیی خۆمان بۆ گەلی ئێران و هەوڵەکانیان لەپێناو مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دووپاتدەکەینەوە".
هاوکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا هیچ زانیارییەکی دەربارەی هۆکاری کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران نییە و گوتیشی، ئەمریکا پێیوانییە رووداوەکە کاریگەری لەسەر ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە هەبێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە، بەڵام ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی هۆکاری رووداوەکە نییە."
هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران، کە دروستکراوی کۆمپانیای (Bell Textron)ی ئەمریکییە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 19-05-2024 لە سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات کەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی گیانیان لەدەستدا.
لەگەڵ رەئیسی، هەریەکە لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژ و گوتارخوێنی تەورێز؛ مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز؛ سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار، فڕۆکەوانەکە و دوو یاریدەدەری لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون، سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ