فیلمێک گومان لەسەر فۆتۆیەکی 50 ساڵی دروست دەکات

20-05-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
هەواڵەکە باسی ئەم فۆتۆیە دەکات.
هەواڵەکە باسی ئەم فۆتۆیە دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فیلمێکی بەڵگەنامەیی گومان لە خاوەنی راستەقینەی فۆتۆیەک دروست دەکات کە 50 ساڵە خەڵاتی باشترین فۆتۆی ساڵی وەرگرتووە؛ فۆتۆکە بەناوی "ترسی جەنگ" بڵاوکراوەتەوە.
 
رێکخراوی وۆڵد پرێس فۆتۆ رایگەیاند خاوەندارێتی فۆتۆی بەنێوبانگی "ترسی جەنگ" (The Terror of War)، هەڵدەپەسێرێت کە پێشتر درابووە نیک ئوت، فۆتۆگرافەری رۆژنامەڤانی.
 
 ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت بەهۆی فیلمێکی بەڵگەنامەیی گومان لەسەر خاوەنی راستەقینەی فۆتۆکە دروست بوو، کە لە ساڵی 1973 خەڵاتی وێنەی ساڵی لەلایەن وۆڵد پرێس فۆتۆ و خەڵاتی پۆلیتزەری بەدەستهێنابوو.
 
فۆتۆکە وێنەی کچێکی منداڵ بە رووتی پیشان دەدات لە هێرشێکی ناپاڵم دا لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا کە لە رێگەیەکی گوندی ترانگ بانگی ئەو وڵاتەوە هەڵدێت، ئەم فۆتۆیە بووە سیمبولێکی جیهانیی دژە جەنگ و کاریگەریی دەستبەجێی لەسەر رای گشتیی جیهان هەبووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا رێکخراوی وۆڵد پرێس فۆتۆ جەختی لەوە کردەوە "گرنگترین رۆڵی وۆڵد پرێس فۆتۆ ئەوە نییە وەکو دادوەری کۆتایی یان ناوبژیوانێک کار بکات، بەڵکو رەخساندنی دەرفەتە بۆ گفتوگۆی چڕ و راشکاوانە."
 
بڕیاری هەڵپەساردنی خاوەندارێتییەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی فیلمێکی دۆکیومێنتاری بە ناوی  "The Stringer" هات کە لە مانگی 1ی ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی فیلمی سەندانس نمایشکرا.
 
فیلمەکە لێکۆڵینەوەی نوێی لەسەر خاوەنی راستەقینەی وێنەکە دەستپێکرد. لە فیلمەکەدا باس لەوە دەکرێت فۆتۆگرافەرێکی سەربەخۆ وێنەکەی گرتووە و سەرنووسەرێکی فۆتۆ لە فرانس پرێس بە هەڵە خاوەندارێتی فۆتۆکەی داوەتا پاڵ نیک ئوت. 
 
دێرل مەکرودن، جێگری سەرۆکی ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس رایگەیاند: "بەڵگەی پێویست بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی خاوەندارێتی فۆتۆکە لە نیک ئوت وەربگرینەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی کە نیو سەدە پێش ئێستا لەسەر ئەو رێگایە چی روویدا".
 
جومانا زەین خوری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وۆڵد پرێس فۆتۆ رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی رێکخراوەکە دانی بە گومانەکاندا ناوە دەربارەی ئەوەی کێ فۆتۆکەی گرتووە، بەڵام "ترسی جەنگ" لە خەڵاتی "وێنەی ساڵ" کە لە ساڵی 1973 پێی بەخشیبوو، دانابڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە