رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا رایگەیاند، بڕیارێکی سیاسی بۆ لابردنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا دراوە، بەڵام دەبێت حکومەتی ئەو وڵاتەش نیشانی بدات پابەندی رێککەوتنەکانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل بەڕێوەچوو.
بایبا بڕازێ، وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە برۆکسل لەبارەی سووریا دایەوە.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بایبا گوتی، "بڕیارێکی سیاسی بۆ سنووردارکردنی سزا ئابوورییەکان و لابردنیان دراوە، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەوە بکرێت و چ هەنگاوێکی کرداری پێویستە بگیرێتەبەر؟"
وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا جەختی لەوە کردەوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا "مەرجدارە" و دەبێت "حکومەتی سووریا نیشانی بدات پابەندی رێککەوتنەکانیەتی."
سزاکانی سەر سووریا هەڵگیران
دوای کۆبوونەوەکەش کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەمڕۆ، بڕیارمان دا کە سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگرین."
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی گەلی سووریا بدەین، سووریایەکی نوێ، گشتگیر و ئاشتیخواز بنیاتبنێنەوە."
هەنگاوەکەی یەکێتیی ئەورووپا دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت.
بەرپرسانی نوێی سووریا لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتیانەوە داوای سووککردن و هەڵگرتنی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەیان دەکرد کە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە سەپێندرابوون.
هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان مانای وایە یەکێتیی ئەورووپا ئەو سنووردارکردنە لادەبات کە ببووە هۆی دابڕینی سووریا لە سیستمی دارایی جیهانی، سامانی بانکی ناوەندیی سووریا قەدەخەی لەسەر لادەدرێت و قەدەخە و سنووردارکردنەکانی سەر کەرتی بازرگانی و دارایی سووریا لادەبرێن.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دوای بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان "ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی" نیشاندا بۆ پشتیوانیکردنی دیمەشق.
شەیبانی گوتیشی، "گەلی سووریا ئەمڕۆ هەلێکی زۆر گرنگ و مێژوویی لەبەردەستدایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی."
لە مانگی شوباتدا یەکێتییەکە هەنگاوێکی سەرەتایی نا بۆ هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتە ئابوورییە سەرەکییەکانی سووریا.
بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدەن کە رەنگە سزاکانی سەر سووریا بسەپێننەوە، ئەگەر بەرپرسانی دیمەشق بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکەن سەبارەت بە رێزگرتن لە مافی پێکهاتەکان و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ