رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، چاوەڕێی سیاسەتێکی گشتگیر لە حکومەتی نوێی سووریا دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "دەمانەوێت یارمەتیدەری ئەو حکومەتە بین تاوەکو بە شێوەیەکی کرداری بتوانێت وڵات لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە بگەیێنێتە ئاستێکی باش."
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە بەشداری وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل بەڕێوەچوو.
یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە برۆکسل لەبارەی سووریاوە دایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "چاوەڕێی سیاسەتێکی گشتگیر لە حکومەتی سووریا دەکەین، بە جۆرێک هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان تێیدا بەشدارییان پێ بکرێت."
ئەو وەزیرەی ئەڵمانیا زیاتر لەبارەی سووریا قسەی کرد و گوتی، "سووریا هەمیشە دەوڵەتێکی فرەڕەنگ بووە. ئێمە دەمانەوێت یارمەتیدەری ئەو حکومەتە بین تاوەکو بە شێوەیەکی کرداری بتوانێت وڵات لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە بگەیێنێتە ئاستێکی باش."
ڤادێفول پشتگیری لە بەردەوامی شەڕی دژی داعش کرد و گوتی، "شەڕی دژی تیرۆر بە پێویست دەبینین."
گوتەکانی ئەو وەزیرە ئەورووپییە لە کاتێکدایە، لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011ی سووریا و دواتریش دروستبوونی شەڕی نێوخۆ، یەکێتیی ئەورووپا زنجیرەیەک سزای بەسەر دەسەڵاتی ئەسەددا سەپاند.
یەکێتیی ئەورووپا هەموو مامەڵەیەکی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد راگرت، بەڵام دابینکەرێکی سەرەکی یارمەتی مرۆیی بوو بۆ ئاوارە سووریاییەکان.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2012ـەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ئاداری ئەم ساڵدا باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەڵمانیا 50 ملیۆن یۆرۆی وەکو یارمەتی فریاگوزاری بۆ سووریا راگەیاند، لە مانگی ئاداریش 300 ملیۆن یۆرۆی بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی سەقامگیرکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکانی سووریا تەرخان کرد.
یەکێتیی ئەورووپا لە 24ی شوباتی ئەم ساڵ رایگەیاند، سزاکانی سەر کەرتی وزە و گواستنەوە و بانکی سووریا سووک دەکات بۆ ئەوەی کەمێک لەو زەحمەتییە کەم بکاتەوە کە رووبەڕووی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ