رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی بەلجیکا رایگەیاند، پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل بەڕێوەچوو.
سیۆ فرانکن، وەزیری بەرگریی بەلجیکا قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە برۆکسل کرد.
وەزیری بەرگریی بەلجیکا ئاماژەی بە هاوئاهەنگییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "پێم وایە دەبێت بە چڕی لەگەڵ یەکدی کار بکەین."
لەبارەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سیۆ فرانکن گوتی، "پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بن، ئێمە ناتوانین رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێبهێڵین. پێم وایە گرنگە لەڕووی سەربازیشەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بمێنینەوە."
وەزیرە بەلجیکییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەمپانەی چەکدارانی پێشووی رێکخراوی داعشیان لە سووریا تێدا زیندانی کراوە، لە بواری ئەمنییەوە دەبێت سەرنجیان لەسەر بهێڵدرێتەوە.
سیۆ فرانکن لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی، "بەهیوام ئاشتی لەوێ بەرقەرار بێت. پێم وایە گرنگە ئاشتی لەو ناوچەیە هەبێت؛ بەهیواین پەیماننامەیەکی ئاشتی ببەسترێت، بە دڵنیاییەوە ئەوە زۆر گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ