رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا بە رووداوی راگەیاند، پشتیوانی لە سووککردنی مەرجداری سزاکانی سەر سووریا دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت مەرجەکان بخرێنە بەردەم حکومەتی ئێستای ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل دەستیپێکرد.
کاستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە برۆکسل لەبارەی سووریا دایەوە.
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گوتی، وڵاتەکەیان "پشتیوانی لە سووککردنی مەرجداری سزاکان دەکات. دەبێت ئەو مەرجانەش زۆر روون و ئاشکرا بن و بخرێنە بەردەم حکومەتی سووریا."
بودریس گوتیشی، ئەو مەرجانەی دەبێت بۆ حکومەتی سووریا دابندرێن، تەنیا پەیوەست نین بە مافەکانی مرۆڤەوە، بەڵکو "پەیوەندییان بە بوونی هێزە دەرەکییەکانیشەوە هەیە لە سووریا، کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا کار دەکەن."
لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011ی سووریا و دواتریش دروستبوونی شەڕی نێوخۆ، یەکێتیی ئەورووپا زنجیرەیەک سزای بەسەر دەسەڵاتی ئەسەددا سەپاند.
یەکێتیی ئەورووپا هەموو مامەڵەیەکی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد راگرت، بەڵام دابینکەرێکی سەرەکیی یارمەتیی مرۆیی بوو بۆ ئاوارە سووریاییەکان.
یەکێتیی ئەورووپا لە 24ی شوباتی ئەم ساڵ رایگەیاند، سزاکانی سەر کەرتی وزە و گواستنەوە و بانکی سووریا سووک دەکات بۆ ئەوەی کەمێک لەو زەحمەتییە کەم بکاتەوە کە رووبەڕووی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ