رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی کەم دەنگی بە پڕۆژە بڕیارێک دا کە ئیدارەی ترەمپ ناچار دەکات کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت، یان بۆ بەردەوامیدان پێی رەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت. ئەمە یەکەمجارە لەدوای 7 هەوڵی بێ ئەنجام، ئەنجوومەنی پیران بتوانێ ئەم پڕۆژەیە بەرەو پێش ببات.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026 کۆبووەوە و تێیدا بە 50 دەنگی (بەڵێ) بەرانبەر 47 دەنگی (نەخێر) پڕۆژە بڕیارێکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک پەسند کرد و بڕیاردرا، لە هەفتەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ بکرێت.
ئەمە هەشتەمین هەوڵی دیموکراتەکان و یەکێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکانە بۆ رێگریکردن لە کراوەیی دەسەڵاتی ترهمپ لەم جەنگەدا، کە پێی ناوەتە مانگی سێیەمەوە و زۆرینەی ئەمریکیەکان پێیان وایە نەدەبوو هەر لە سەرەتاوە دەستپێبکات.
بیڵ کاسیدی، سیناتۆری کۆماری لە ویلایەتی لویزیانا، نوێترین ئەندامی پارتی کۆمارییە کە دەنگی گۆڕی و چووە پاڵ دیموکراتەکان. ئەوەی وایکرد ئەم بڕیارە تێپەڕێ و رێگەی بۆ دیموکراتەکان خۆش کرد، تەنیا دەنگی ئەو نەبوو، بەڵکو ئامادەنەبوونی سێ سیناتۆری دیکەی کۆماری بوو لە کۆبوونەوەکە.
هەروەها هەریەک لە لیسا مۆرکۆسکی لە ویلایەتی ئەلاسکا و سوزان کۆڵینز لە ویلایەتی مەین کە هەردووکیان کۆمارین، ئەو هەڵایەی ئیدارەی ترهمپیان رەت کردەوە کە گوایە ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران وای کردووە وادە یاساییە 60 رۆژییەکەی جەنگ کۆتایی نەیەت. ئەوان لەگەڵ راند پۆڵ، سیناتۆری ویلایەتی کێنتەکی دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکان دا بۆئەوەی پڕۆژە بڕیارەکە بگاتە نێو هۆڵی ئەنجوومەنی پیران و پەسند بکرێ. لە بەرانبەردا، جۆن فێتەرمان تاکە سیناتۆری دیموکرات بوو کە دەنگی دژی ئەم بڕیارە دا و چووە پاڵ کۆمارییەکان.
تیم کەین، سیناتۆری دیموکرات کە سەرکردایەتیی ئەم هەوڵە چەند هەفتەییە دەکات، دەڵێت، "ئاراستەی رووداوەکان بە خاوی بەرەو لای ئێمە دەگۆڕێ." دیموکراتەکان پێیان وایە تێپەڕاندنی ئەم بڕیارە پەیامێکی روون دەبێ بۆ ترهمپ کە رای گشتی چی دیکە لەگەڵ ئەم جەنگەدا نییە. ئەوان دەڵێن، ئەوەی بۆ سەرۆک گرنگە پێگەی جەماوەریی خۆیەتی، ئێستاش کە تەنانەت لە ناو پارتەکەشی دەنگی ناڕازی هەیە، دەبێت رەچاوی بکات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترهمپ وادەیەکی یاسایی 60 رۆژەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرێس پشتگوێ خستبوو. هەرچەندە ترهمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بۆ ماوەیەک هێرشی گەورە بۆ سەر ئێران رادەگرێ تاوەکو دەرفەت بداتە دیپلۆماسی، بەڵام هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر (تاران) مەرجەکانی واشنتن قبووڵ نەکات، فەرمانی "هێرشێکی گەورە و هەمەلایەنە" دەدات.
بەپێی "یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ" کە لە ساڵی 1973 و دوای جەنگی ڤێتنام دەرچووە، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت لە دوای 60 رۆژ لە دەستپێکردنی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێ، ئەگەرنا دەبێت هێزەکانی بکشێنێتەوە.
جەنگی ئەمریکا و ئێران کە لە کۆتایی شوباتی 2026 دەستی پێکرد، جیهانی رووبەڕووی قەیرانی وزە کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ