رووداو دیجیتاڵ
دان زیمەرمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هاوبەشیی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و کوردی باشووری کوردستان دەڵێ، "بە زەحمەت گرووپێکی بەتواناتر" لە کوردەکانی باشووری کوردستان پەیدا دەبێ. ئەمەش لە وەڵامی نیگەرانیی کۆنگرێسمانێکدا هات سەبارەت بە کەمکردنەوەی بودجەی رووبەڕووبوونەوەی داعش و کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانەکانی واشنتن.
لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان ئەنجوومەنی نو ێنەرانی ئەمریکا، مایک تێرنەر، ئەندامی کۆماری ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانیی خۆی لەبارەی کەمکردنەوەی بودجەی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەربڕی و بەدیاریکراوی پرسیاری لەبارەی بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ عێراق و پێشمەرگە کرد.
لە وەڵامدا دان زیمەرمان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان "پێشوازی لە پشتیوانیی بودجەی کۆنگرێس دەکات بۆ بەردەوامیدان بەو هاوبەشییە."
زیمەرمان پرسەکەی راستەوخۆ بەستەوە بە گۆڕانی ژینگەی هەڕەشەکان لە ناوچەکەدا دوای ئۆپەراسیۆنی )تووڕەیی داستانئاسا) و و گوتی، گرووپە میلیشیا پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لەنێو عێراقدا توانای سەربەخۆی بەرچاویان نیشانداوە بە شێوەیەک کە زیانبەخشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
دەقی قسەکانیان:
مایک تێرنەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا: لە شایەتیدانەکەی ئەدمیراڵدا، ئاماژە بەوە دەکات داعش بەهۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەی کوردستانەوە پەراوێزخراوە بەڵام من نیگەرانم کە کاتێک سەیری کۆی گشتیی بودجەی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەیت، بودجەی راهێنان و پڕچەککردن، کاریگەرییەکەی لەسەر هاوپەیمانە کوردەکانی عێراق چی دەبێت. دەتوانیت بۆ ساتێک قسە لەسەر پشتیوانیمان بۆ هاوپەیمانە کوردەکانی عێراق بکەیت و ئەو پشتیوانییە لەوێ چۆن دەبێت؟
دان زیمەرمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا: سوپاس کۆنگرێسمان، ئێمە زۆرترین پێزانینمان بۆ هاوبەشە کوردەکانی عێراق هەیە. بە زەحمەت گرووپێکی ئامادە و بەتواناتر دەدۆزرێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵیاندا. ئێمە پێشوازی لەو پشتیوانی و بودجەیە دەکەین کە کۆنگرێس دابینی کردووە بۆ بەردەوامیدان بەو هاوبەشییە. ئەمە بەتایبەتی روون بووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا' ئەوەی دەرخستووە کە گرووپە میلیشیا شیعییەکان لە عێراقدا توانای زۆر و سەربەخۆییان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەک کار بکەن کە زیانبەخش بێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمەش تەنیا ئەوەی نیشانداوە کە هاوبەشە کوردەکانی عێراق چەندە یارمەتیدەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ