رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، رەنگە ناچاربن گورزێکی دیکەی گەورە لە ئێران بدەن و ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا "کاژێرێک" مابوو بڕیاری هێرشکردن بدات پێش ئەوەی بڕیارەکە بگۆڕێ. ترەمپ ئێرانی بە "گوندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناوبرد.
رۆژی سێشەممە 19-05-2026، کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیاری ئەوەی لێکرا، چەندە نزیک بووە لە هێرشکردنە سەر ئێران و کۆتاییهێنان بە ئاگربەستە ناسکەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاژێرێکم مابوو بڕیاری ئەوە بدەم ئەمڕۆ بڕۆین [هێرش بکەین]. کەشتییەکان هەموویان پر چەک بوون."
ترەمپ گوتی، ئەو هێرشەی پلانی بۆ دانرابوو "دەبوو روویدابا."
رۆژی دووشەممە، ترەمپ رایگەیاند، هێرشە سەربازییەکەی راگرتووە چونکە "دانوستاندنی جیدی" لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە دیموکراتەکانی وڵاتەکەی گرت و بە "گەمژە" ناویبردن و رایگەیاند، لە کاتێکدا ئەو خەریکی دانوستاندنە، ئەوان هەوڵی راگرتنی دەدەن.
ترەمپ گوتی، ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە دڵنیابێتەوە کە "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و گوتی، ئەوان "دەیانەوێ چەکی ئەتۆمییان هەبێت بۆ وێرانکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان. ئەوە روونادات."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ ئێرانی بەوە وەسفکرد، "بۆ 47 ساڵە گوندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، ئەوان پیسن، زۆر پیس و زۆر مەترسیدارن."
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
پێویستە وڵاتێکی سەلامەتمان هەبێت. پێویستە وڵاتێکی مەزنمان هەبێت. پێویستە دڵنیابینەوە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینن بەو شێوە قورسە شەڕی بۆ دەکەم. هەمیشە قورسە، ئێمە لەگەڵ ئێراندا لە دانوستاندنین و دواتر دیموکراتەکانت هەیە، من بە 'گەمژەکراستەکان' ناویان دەبەم، پڕۆژەیاسایەک پێشکێش دەکەن کە ترەمپ دەبێت دەستبەجێ بووەستێت. دەزانیت چۆنە دانوستاندن لەگەڵ وڵاتێکدا بکەیت کە بە تەواوی بەسەریاندا سەرکەوتوویت، دێنە سەر مێز، دەپاڕێنەوە رێککەوتن بکەن. هیوادارم ناچار نەبین شەڕ بکەین، بەڵام رەنگە ناچار بین گورزێکی گەورەی دیکەیان لێبدەین. رەنگە ناچار بین گورزێکی گەورەی دیکەیان لێبدەین، هێشتا دڵنیا نیم. بەم زووانە دەزانین. بەڵام چۆن هەست دەکەیت کاتێک لە دانوستاندندایت، هەموو خاڵێک دەبەیتەوە؟ ئەوان دەیانەوێت بتوەستێنن. دەیانەوێت بتووەستێنن و ئەوە تەنیا سیاسییە. ئەوە دیموکراتەکانن. ئەوان گەمژەن. ناوێکی نوێیە. ناوێکی زۆر وردە. کەواتە من لەناوەڕاستی دانوستاندنێکدام. دەڵێم، ناتوانن چەکی ئەتۆمیتان هەبێت. هەواڵ دێت کە دیموکراتەکان دەیانەوێ ترەمپ لە دانوستاندنی زیاتر رابگرن. دەیانەوێ ترەمپ رابگرن لەوەی، ئەگەر پێویست بکات، زلـلەیەکی دیکەیان لێبدات. ئەوان دەیانەوێ چەکی ئەتۆمییان هەبێت بۆ تەقاندنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەقاندنەوەی جیهان. ئەوە روونادات. خۆشحاڵم بە بینینتان.
پرسیار: چەندە نزیک بووی بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێران؟
ترەمپ: کاژێرێکم مابوو. هەموومان ئامادە بووین بۆ هێرشکردن. تۆ باسی دوێنێ دەکەی. دەبوو ئێستا روویدابا. بەڵێ، هەمووی تەواو بوو. بەلەمەکان، کەشتییەکان هەموویان بارکرابوون، تا لێوار پڕکرابوون و هەموومان ئامادە بووین بۆ دەستپێکردن. ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە گوندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، مەبەستم ئەوەیە بەڕاستی گوندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. ئەوان پیسن، زۆر پیس و زۆر مەترسیدارن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ