پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تەرمی 3 کۆچبەر دەدۆزێتەوە

20-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، لە کاتی گەڕان بەدوای کۆچبەرە بێسەروشوێنەکانی بەلەمە نقومبووەکەی چوارشەممەی رابردوودا، تەرمی سێ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە.
 
گوتەبێژێکی هێزە یۆناییەکە رۆژی دووشەممە گوتی، تەرمەکان "لە دۆخی شیبوونەوەدا بوون" و بەو هۆیەوە نەتوانراوە رەگەزیان بزانرێت.
  
تەرمەکان لە نێو دەریا لە رۆژئاوای نیمچە دوورگەی پیلۆپۆنێس دۆزراونەتەوە، کە شوێنی کارەساتی بەلەمەکەی هەفتەی رابردووە، تاوەکو ئێستاش تەرمی 81 کۆچبەری لێ دۆزراونەتەوە. بەڵام پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەو سێ تەرمەش کۆچبەری نێو ئەو بەلەمە بوون یان نا. 
 
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بەردەوامە لە گەڕان بەدوای رزگاربووان. تاوەکو ئێستا 104 کەسی رزگارکردووە.
ئەوانەی کە رزگارکراون باس لەوە دەکەن، بەلەمەکە نزیکەی 700 بۆ 750 کۆچبەری تێدا بووە. 
 
نۆ پیاوی میسری کە گومانیان لێ دەکرێت قاچاخچیی بەلەمەکە بووبن، دەستگیرکراون. ئەمڕۆ لە بەردەم دادگە ئامادە دەبن. 
 

ئەو بەلەمە لە کەناراوەکانی شاری توبروقی لیبیاوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو. ئەوانەی کە رزگاربوون، بەشی زۆریان خەڵکی سووریا، میسر و پاکستانن. 
 
141 کۆچبەری خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە نێو بەلەمەکەدا بوون، یازدەیان خەڵکی کۆبانێ بوون. لەو 141 کەسە، تاوەکو ئێستا رزگاربوونی 34یان پشتڕاستکراوەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە