رووداو دیجیتاڵ
یەكێک لە رزگاربووانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی نێو دەریای نێوەڕاست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆی، هاوژینەکەی، چوار منداڵیان؛ هەروەها خوشکی، هاوژینی خوشکی و منداڵێکی خوشکەکەی لەنێو بەلەمەکەدا بوون و زۆربەیان کەوتنە نێو دەریا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-6-2024، یەکێک لە رزگاربووانی رووداوی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی دەریای نێوەڕاست بەناوی موژدە عومەر لە نەخۆشخانەی شارۆچکەی سۆڤێراتۆی ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، منداڵە بچووکەکەی سێ ساڵ و نیو بوو؛ منداڵێکی دیکەی بەناوی ماردین 12 ساڵ بوو؛ منداڵێکی دیکەی بەناوی مەیلان 16 ساڵ، منداڵێکی دیکەی بەناوی میران 14 ساڵ و هاوینەکەیشی لەنێو بەلەمەکەدا بوون.
موژدە ئاماژەی بەوە کرد، هەر لەنێو کەشتیەکەدا خوشکێکی، هاوژینی خوشکەکەی و منداڵەکەیان لەگەڵ بوو و جگە لە خۆی و منداڵێکی، ئەوانی دیکە هەموویان بە شێوازی جیاواز گیانیان لەدەستدا یان بێسەروشوێنن.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات، کەشتیوانەکانی بەلەمەکە دوو کەس بوون کە فارس بوون.
رۆژی 17ی حوزەیرانی 2024، دوو بەلەم لە دەریای نێوەڕاست نزیک لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتن. یەکێک لەوان لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو و زۆرینەیان خەڵکی باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق، ئێران و سووریا بوون.
دوێنێ، مارکۆ ئۆتاڤیانی، بەرپرسی کاروباری میدیا لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەلەمەکە 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکاوە و تەنیا 11 کەسیان رزگاریان بووە. گوتیشی، وا دیارە ماتۆڕی بەلەمەکە تەقیوەتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ موژدە عومەر، رزگاربووی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی دەریای نێوەڕاست:
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم تەندروستیت چۆنە؟
موژدە عومەر: ئێستا باشم؛ دوو رۆژە باشم. پێشتر تەندروستیم زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێستا باشم.
رووداو: بەڕێزتان لەگەڵ چوار منداڵ و کاک میرانی هاوژینت لەنێو بەلەمەکەدا پێکەوە بوون؟
موژدە عومەر: باوکیان و چوار منداڵ، واتە شەش کەس بووین. منداڵە بچووکەکەم 3.5 ساڵ بوو؛ ماردین 12 ساڵ، مەیلان 16 ساڵ و میرانیش 14 ساڵە.
رووداو: چەند کەس لەنێو ئەو بەلەمەدا بوون؟
موژدە عومەر: نزیکەی 80 کەس دەبووین.
رووداو: هەموویان کورد بوون؟
موژدە عومەر: زۆربەیان ئێرانی بوون.
رووداو: کوردی رۆژهەڵات بوون یان ئێرانی؟
موژدە عومەر: ئێرانی بوون؛ زۆربەیان ئێرانی بوون. ئێمە کورد بووین لەگەڵ خێزانێکی ناوچەی رانیە؛ ئەوانیش چەند خێزانیک بوون. زۆربەی سەرنشینەکان ئێرانی بوون.
رووداو: خێزاندارەکان زۆر بوون؟
موژدە عومەر: بەڵێ منداڵی زۆرمان لەگەڵ بوو. ژنێکی دووگیانیشمان لەگەڵ بوو.
رووداو: ئێستا سێ منداڵت و هاوژینت بێسەروشوێنن یان پێیان راگەیاندوویت کە گیانیان سپاردووە؟
موژدە عومەر: خۆم لەگەڵیان بووم دەستیانم بەردان. کوڕی خوشکم، خوشکم، هاوژینی خوشکم، هەموویان لەبەرچاوم کەوتنە نێو دەریا.
رووداو: بەلەمەکە چۆن نوقم بوو؟
موژدە عومەر: نازانم کەشتیوانەکە چووە سەرەوە بۆ ئەوەی شتێک دەربێنێت، بەڵام پەروانەکە شکا و دەستبەجێ ئاو هاتە نێو کەشتییەکە. نازانم چۆن ئاو هاتە نێو کەشتییەکە؟ دواتر وەرگەڕا و نوقم بوو. خەڵک بە پێنج خولەک خنکان و گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان بڵاوبووەوە. من سێ چوار رۆژ لەنێو ئەو کەشتییە خۆم راگرت و لە ژیان مامەوە.
رووداو: بێ خواردن و خواردنەوە؟
موژدە عومەر: بەڵێ، ئاویش نەبوو بیخۆینەوە. بەشێک لەوانەی مانەوە، بەهۆی تینووبوون و برسییەتییەوە گیانیان لەدەستدا. هاوژین و کچەکەم بەردەوام هاواریان دەکرد و ئاویان دەویست. تا گیانیان سپارد هەر داوای ئاویان دەکرد.
رووداو: کەواتە هاوژین و منداڵەکانت لەکاتی ژێرئاوکەوتنی کەشتیەکە گیانیان لەدەستنەدا، بەڵکو بە تینوێتی خنکان؟
موژدە عومەر: کوڕە بچووکەکەم و کچی خوشکم لە سەرما رەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا. ئەوان لە کاتی وەرگەڕانی کەشتیەکەدا نەخنکان، بەڵکو دوای دوو شەو بەرگەی سەرمایان نەگرت و گیانیان سپارد.
رووداو: کەی لە تورکیا دەرچوون؟
موژدە عومەر: 13ـی مانگ بوو. بەڵێ، بەڵێ 13ـی مانگ دەرچووین و تا 5ـی مانگ نەمانتوانی بچینە سەر کەشتییەکە. دواتر توانیمان بچینە نێو کەشتییەکە و ئینجا رووبەڕووی شەپۆلی بەهێز بووینەوە. شەپۆلەکە ئێمەی زۆر دواخست.
رووداو: شەپۆلەکە بە شەو بوو یان رۆژ؟
موژدە عومەر: شەپۆلەکە بە شەو دەستیپێکرد. پێم وایە کاژێر 11:30 دەستیپێکرد. تەنانەت هاوژینەکەم بە کەشتیوانەکەی گوت: ئەگەر رێگەت ونکردووە، با بگەڕێینەوە تا ئەو کاتەی ئینتەرنێت دەدۆزینەوە و لەسەر نەخشە دووبارە بەڕێدەکەوینەوە. بەڵام کەشتیوانەکە سەرکێشی کرد و گوتی لە شەپۆلەکان دەدەین و دەردەچین؛ بەردەوام پاساوی دەهێنایەوە و ئێمەی بەلارێدا برد و هێڵی ئینتەرنێتیشی نەبوو تا ئەو کاتەی پەروانەکە شکا. ئەگەر پەروانەکە نەشکابایە، کێشەمان نەدەبوو.
رووداو: لەگەڵ قاچاخچییەکە بە چەند رێککەوتن بۆ ئەوەی خۆت و هاوژین و چوار منداڵەکەت بگەیێنێتە ئەورووپا؟
موژدە عومەر: نەخێر هیچ کات باسی پارەی نەکرد. دەیگووت کە گەیشتنە شوێنی مەبەست، ئەو کات پارە وەردەگرین.
رووداو: کەشتیوانەکە کورد بوو یان خەڵکی وڵاتێکی دیکە بوو؟
موژدە عومەر: دوو کەشتیوانی فارس بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ