رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەی سەربڕینی مانگایەک بۆ جەژن لەلایەن موسڵمانێکی هیندستانەوە، کۆمەڵێک پەیڕەوکاری هیندۆس هێرشیانکردە سەر دووکانی موسڵمانەکە و زیانیان پێگەیاند. پۆلیس توانی بڵاوە بە خەڵکەکە بکات. گرووپی (هیندوتڤا)ـی نەریتخوازی هیندۆسی هەڕەشەی لە موسڵمانەکانی دیکەش کردووە کە دووکانەکانیان دابخەن.
رووداوەکە لە شارۆچکەی ناهان لە هەرێمی هیمچال پرادێش روویداوە. ئەو موسڵمانە ناوی جاڤیدە، وێنە و ڤیدیۆی ئەو مانگا سەربڕاوەی لە ستۆریی خۆی لە واتسئاپ بڵاوکردووەتەوە و هیندۆسەکانی تووڕە کردووە. لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا دەردەکەوێت گرووپێک هیندۆس بە تووڕەییەوە دەرگای دووکانەکەی دەشکێنن و جلوبەرگی نێو دووکانەکە پەرش و بڵاو دەکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پۆلیس لە شەقامەکە ئامادەن و دوای ئەوەی دووکانەکە زیانێکی زۆری پێدەگات، ئینجا بڵاوە بە خەڵکەکە دەکەن.
گرووپە هیندۆسەکە هەروەها هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانی ناوچەکە دووکان و ماڵ بە کرێ نەدەنە موسڵمانەکان، ئەگەر بە کرێشیان داوە زوو لێیان وەرگرنەوە. گرووپەکە لەلای پۆلیس سکاڵایان کردووە و دەڵێن، سووکایەتی بە بیر و باوەڕیان کراوە و داوای گرتنەبەری رێوشوێنی تووند دەکەن.
گرووپی (ئانجومان ئیسلامیا) گرووپێکی موسڵمانی ئەو شارۆچکەیەن و سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی وێنەی سەربڕینی مانگاکەیان کردووە و داوایان کردووە حکومەت هەنگاو لە دژی جاڤید بگرێتەبەر.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکراوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەردەکەوێت، کۆمەڵێک ژن و پیاوی تووڕە بە شەقامەکانی شارۆچکەکە خۆپیشاندان دەکەن و بەهاوارەوە دروشم دەڵێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ