رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە رۆژئاوای ئیتاڵیا و لە نزیک سنووری فەرەنسا، پۆلیس تۆڕێکی گەندەڵیی ئاشکرا کرد کە لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل، مافی مانەوەی (ئیقامە)یان بە کۆچبەران داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا 5 کەس دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕە پارەیەکی زۆردا گیراوە.
میدیای ئیتاڵی دەڵێت، رووداوەکە لە شاری ئیمپێریا ئاشکرا بووە، کاتێک پۆلیس بۆ ماوەیەک چاودێریی فەرمانبەرێکی باڵای کردووە بەناوی (لویجی ئێم) کە بەرپرسی کاروباری کۆچبەران بووە.
پۆلیس لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، خانمێکی رووسی بەناوی (یێڵێنا ڤی) دەستگیرکردووە کە خاوەنی ئاژانسێکی یارمەتیدانی کۆچبەرانە، "کاتێک جانتایەکی پڕ لە پارەی وەک بەرتیل داوەتە دەست فەرمانبەرە ئیتاڵییەکە." دوای پشکنین، دەرکەوتووە بڕی 5 هەزار یۆرۆی کاش لە جانتاکەدا بووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەمە بەشێکە لە تۆڕێکی گەورەتر. لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە شاری سان ریمۆش ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو خاوەن ئاژانسی دیکەی هاوشێوە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون.
پۆلیسی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، لە پشکنینەکاندا تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر 267 هەزار یۆرۆی دیکەدا گرتووە کە وەک بەرتیل وەرگیراون. لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە و قوربانییەکان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ