جیهان
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ. وێنە: REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی هەینی لە جنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە "چارەسەری سەربازی" بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران نییە و پێویستە دەرگای گفتوگۆ بکرێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
دوای کۆبوونەوەکە، یۆهان ڤادیفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "من و هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکەم گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ هاوکارە ئێرانییەکانمان کرد."
ڤادیفول جەختی لەوە کردەوە، "پێویستە ئەمریکا بەشداری لە گفتوگۆی زیاتردا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک."
هاوکات، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە روونی رایگەیاند، "پرسی ئەتۆمیی ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت" و گوتی، "ئێمە لێرەین لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسیدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو ململانێیەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە." بارۆ هیوای خواست کە ئێرانییەکان "لەگەڵ لایەنی ئەمریکیشدا کراوە بن بۆ دانوستاندن."
لە لایەکی دیکەوە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە فراوانبوونی جەنگەکە نیشاندا و گوتی، "نامانەوێت زیادبوونی گرژییەکی هەرێمی و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل ببینین." هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی رۆژئاوا کردەوە و گوتی، "ئێمە روون بووین لەوەی ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، کورتترین و روونترین پەیامی هەبوو و رایگەیاند، "پێویستە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بە کراوەیی بهێڵدرێنەوە."
کۆبوونەوەکەی جنێڤ لە هەشتەمین رۆژی جەنگی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بەڕێوەچوو. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییەی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی دوو هەفتەی بۆ دیپلۆماسییەت دیاریکردووە پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی سەربازیی وڵاتەکەی بدات.
پێشتر لە هەمان رۆژدا، عەباس عێراقچی لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "خیانەتی" لە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی "زۆر بەڵێندەرانە" کردووە، کە بڕیار بووە لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامی بدەن. ئەم لێدوانانە ئاڵۆزیی زیاتری خستە ناو دۆخەکەوە و ئەرکی دیپلۆماتە ئەورووپییەکانی قورستر کرد، کە هەوڵدەدەن هەردوو لایەنی ئێران و ئیسرائیل قایل بکەن بە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ