رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، تەقینەوەیەک لە بەردەم چێشتخانەیەکی کوردی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا روویدا. پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و گومان دەکرێت رووداوەکە پەیوەندیی بە ململانێی نێوان باندەکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە هەبێت.
پۆلیس دوو کەسی دوو کەس وەک گومانلێکراو دەستنیشانکراون، بەڵام هەڵاتوون.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، کاژێر 04:30ی بەیانی، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە دانیشتووانی ناوچەی دۆیتزی شاری کۆڵنی هەژاند. دواتر، شایەتحاڵان بە پۆلیسیان گوت کە دوو پیاویان بینیوە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون و ئێستا پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت. خاوەنی چێشتخانەکە کامێراکانی چاودێریی رادەستی پۆلیس کردووە.
تەقینەوەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، چونکە لەو کاتەدا چێشتخانەکە داخرابوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی دیاسپۆرا کە لە کارمەندانی چێشتخانەکە دەستکەوتوون، ئەوەی تەقێندراوەتەوە "بۆمبێکی دەنگی" بووە کە ئامانج لێی زیاتر ترساندن بووە نەک کوشتن.
هەرچەندە میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن کە رووداوەکە پەیوەندیی بە "شەڕی باندەکانەوە" هەیە، بەڵام داواکاری گشتیی کۆڵن بە رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێشتا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە نییە."
بەپێی گومانەکان رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک بڕی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر بە بەهای یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ لە کۆڵن دیار نامێنێت. ئەو باندەی کە مادەکەیان لێ دزراوە، گومانیان لە چەند کەسێک هەیە، کە یەکێکیان کوردە و پێشتر دەستگیر کراوە.
سەرچاوە ئەڵمانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکەی بەردەم چێشتخانە کوردییەکە لەوانەیە پەیوەندیی بەو کێشەیەوە هەبێت.
هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە "مۆکرۆ مافیا" (مافیای مەغریبی- هۆڵەندی) دەستیان لە کێشەکانی ئەم دواییەی کۆڵندا هەبێت. بەڵام وەک داواکاری گشتی رایگەیاندووە، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی گوماندان و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ