وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاریان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی سوێد نەکردووە

20-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکات و دەڵێت، "جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە عێراقییەکان کاریان بۆ رێگریکردن لە خۆپێشاندەران نەکردووە" لەوەی هێرشبکەنە سەر باڵیۆزخانەکە.  داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی پارێزگاری لە نێردە دیپلۆماسییەکان بکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا لەلایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن و گوتی: "ئازادی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد و زیانی پێبگەیێنن." 
 
میلەر ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ باڵیۆزی سوێد لە عێراق لە پەیوەندیدان و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و نێردەی وڵاتانی بیانی لە وڵاتەکەی بپارێزێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی سوێد، رەزامەندییان داوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد گردبوونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگریان تێبەردا.
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات."
 
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە و لە کاردانەوەی ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا و رێگەپێدانی حکومەتی سوێد بە کارەکە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوا لە باڵیۆزی سوێد دەکات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت."
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.