رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، کە وڵاتەکەی بەتووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق دەکات و داواشی لە عێراق و سوێد کرد کە دانبەخۆیاندابگرن. دەشڵێت، "ئەوەی لە عێراق روویداوە تووندوتیژی بوو".
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دیاری کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، باسی خۆپێشاندانەکانی عێراق و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا کرد و گوتی: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکەین؛ تووندوتیژی و پێشێلکاری لە هیچ شوێنێک جێگەی نابێتەوە."
میلەر لە وەڵامی پرسیاری رووداو رایگەیاند، ئەوان پێیان وانییە، خۆپێشاندانی عێراقییەکان دژی باڵیۆزخانەی سوێد، ببێتە هەڕەشە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ئەوەشی راگەیاند کە واشنتن بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخەکە و گوتی: "باڵیۆزخانەی ئێمە [ئەمریکا] لەو ناوچەیە نییە کە باڵیۆزخانەی سوێدی لێیە؛ هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی دۆخی باڵیۆزخانەکەمان بگۆڕین."
میلەر ئەوەشی راگەیاند کە واشنتن پشتگیری لە هەر کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەکات بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بگەیێنن، بەڵام دەڵێت کە ئەوەی لە عێراق روویداوە "تووندوتیژی" بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی سوێد، رەزامەندییان دا لەسەر ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد گردبوونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن.
ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگریان تێبەردا.
ئەمریکا نیگەرانی "هەراسانکردنی کاردیناڵ ساکۆیە"
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە هەڵوێستی ئەمریکا دەربارەی کاردیناڵ لویس رافائیل ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق کرد و گوتی: " ئەو وەکو سەرکردەی رێزلێگیراوی کەنیسە لەژێر هێرشی ئەو گرووپانەدایە کە سەرکردەکانیان لەژێر سزاکانی ئەمریکادان و نیگەرانییەکانیشمان راستەوخۆ بە حکومەتی عێراق راگەیاندووە."
رۆژی شەممە، 15-6-2023، کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق بڕیاریدا لە بارەگەی سەرەکیی پاتریارک لە بەغدا بکشێتەوە و رووبکاتە کەنیسەیەکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردەی یەکێک لە پارتە کرستیانەکان.
ماوەی چەند مانگێکە ناکۆکی لەنێوان لویس ساکۆ و رەیان کلدانییەوە دروستبووە؛ رەیان کلدانی سەرۆکی یەکێک لە پارتە سیاسییە کرستیانەکانە و لەنێو حکومەت و پەرلەماندا ئەندام و لەنێو حەشدی شەعبیشدا هێزی هەیە. ئەم مانگە، ناکۆییەکانیان زیاتر بوون، کاتێک سەرۆککۆماری عێراق نووسراوی ژمارە 147ـی ساڵی 2013 هەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە بە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: من راگەیێندراوەکەی تۆم بینی دەربارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق، کاتێک کە هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا. ئێوە هیچ کاردانەوەیەکتان هەیە سەبارەت بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربارەی داخستنی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا؟
ماتیو میلەر: من دەڵێم کە ئێمە داوای دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆ لە هاوبەشەکانمان، سوێد و عێراق، لەسەر ئەو پرسە دەکەین.
رووداو: قسەی تۆ چییە لەسەر لێدوانەکانی موقتەدا سەدر کە ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەمریکا وڵاتی تیرۆر و هاورەگەزخوازییە و ئەوان ناتوانن کە سەرکۆنەی ئێمە بکەن. هیچ کۆمێنتێکت هەیە لەسەر ئەوە؟
ماتیو میلەر: ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکەین؛ توندووتیژی و پێشێلکاری یاسا لە هیچ شوێنێک جێگای نابێتەوە.
رووداو: تۆ ئەوە دەزانیت کە موقتەدا سەدر لایەنگرێکی زۆری لە عێراق هەیە و کاتێک کە ئەو قسە بۆ شەقام دەکات، هەزاران کەس دەرژێنە سەر شەقامەکان، تەنانەت ئەو خۆپێشاندەرانەی دوێنێش لایەنگری موقتەدا سەدر بوون؛ ئایا ئێوە نیگەرانی ئەوە نین کە ئەو خۆپێشاندانانە ئاراستەیان بگۆڕێت بۆ خۆپێشاندان دژی ئەمریکا لە عێراق؟
ماتیو میلەر: پێش هەموو شتێک من دەڵێم کە باڵیۆزخانەی ئێمە لەو ناوچەیە نییە کە باڵیۆزخانەی سوێدی لێیە، هەروەها دەربارەی هەڕەشەش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی کە دۆخی باڵیۆزخانەکەمان بگۆڕین و ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردنی دۆخەکە. دووپاتی دەکەمەوە کە هەر خۆپێشاندانێک بکرێت، دەبێت خۆپێشاندانێکی ئاشتییانە بێت. ئێمە پشتگیری لە هەموو کەسێک دەکەین لە هەر شوێنێکی جیهاندابێت دەربارەی هەر پرسێک کە بیانەوێت دەنگی خۆیان بگەیێنن، بەڵام ئەوەی کە ئێمە دژین خۆپێشاندانێکە کە ببێتە هۆی تووندوتیژی، بەداخەوە ئەوەی دوێنی شەو بینیمان ئەوە بوو.
رووداو: دوا پرسیارم ئەوەیە کە سەرۆکایەتی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریکای کرد بەهۆی لێدوانەکانی کاردیناڵ لویس ساکۆ، ئایا ئێوە هێشتا هەمان هەڵوێستتان هەیە دەربارەی کاردیناڵ لویس ساکۆ؟
ماتیو میلەر: دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە ئێمە نیگەرانی هەراسانکردنی کاردیناڵ ساکۆین؛ ئەو وەکو سەرکردەی رێزلێگیراوی کەنیسە لەژێر هێرشی ئەو گرووپانەدایە کە سەرکردەکانیان لەژێر سزاکانی ئەمریکادان و نیگەرانییەکانیشمان راستەوخۆ بە حکومەتی عێراق راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ