رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سوێد رێگەی پێدا، سەلوان مۆمیکا دەڵێت، پاش کەمێکی دیکە کۆپییەکی قورئان، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم دەسووتێنێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەلوان مۆمیکا لە ئەکاونتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە ماوەکەی 21 چرکەیە رایگەیاند، "دوای کاژێرێکی دیکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق دەبم لە ستۆکهۆڵم، ئاڵای عێراق، قورئان، وێنەی میلیشیاوی موقتەدا سەدر و هەروەها خامنەیی لەبەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانە دەسووتێنم. لێرە لەگەڵمان بن."
ئەو بڕیارەی سەلوان مۆمیکا لە دوێنێ شەوەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکیان سووتاند.
دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، "ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە لە ئاسایشیان." داواشی کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوەکە بکرێت و "بەگوێرەی یاسا بکەرانی ئەو کارە سزا بدرێن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشتر سووتاندنی قورئانی پیرۆزیشی لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە سەرکۆنە کردبوو، بە فەرمییش داوای کردووە هاووڵاتییەکە دیپۆرتی عێراق بکرێتەوە.
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوێد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ