رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند دوای گەڕانەوەی لە کۆشکی سپی سەردانی قوتابخانەیەکی وڵاتەکەی دەکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بە قوتابیان بدات، ئیدارەی قوتابخانەکە کچێکی کورد هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی پێشوازی لە سەرۆک بکات و بە ژوورەکانی قوتابخانەکەی دا بیگێڕێ.
ئاهەنگ خەبات، ئەو کچە کوردەیە پێشوازیی لە سەرۆکی فینلاند کردووە، بە رووداوی گوت: "رۆژی چوارشەممە سەرۆکی فینلاند سەردانی قوتابخانەکەمانی کرد".
ئاهەنگ خەبات، گوتەبێژی قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەیی رایسیۆن لوکیۆ لە شاری رایسیۆ، گوتی: "دوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، خەڵکی فینلاند نیگەران بوون، دوای ئەوەش سەرۆکی فینلاند لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، بۆ ئەوەی ترس لای خەڵک دروست نەبێت، سەرۆک هاتبووە قوتابخانەکەمان تاوەکو بۆ قوتابییان قسە بکات".
ئاهەنگ خەبات سێ ساڵە لەو قوتابخانەیەیە، دەڵێت: "بەڕێوەبەری قوتابخانە من و کوڕێکی فینلاندیی پێشنیاز کرد پێشوازی لە سەرۆکی فینلاند بکەین و من هەموو شوێنەکانم پیشانی سەرۆک دا و باسم لە قوتابییان و بابەتەکانی خوێندن کرد".
ئەو کچە دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو کە لەنێو ئەو هەموو قوتابییەدا منیان هەڵبژارد، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر قوتابیی فینلاندیش هەبوون".
ئەو کچە کوردە تەمەنی 18 ساڵە و ماوەی 16 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە فینلاند دەژین.
18ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆککۆماری فەرەنسا، راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆکی فینلاند و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆشکی سپی کۆبووەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
فینلاند و رووسیا هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ یەکدیدا هەیە و 8 دەروازەی سنووری لە نێوانیاندا هەیە. رۆژی 4-4-2023 فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ