رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە 20-9-2023، سوپای ئیسرائیل لە "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت"دا هێرشیکردە سەر کەمپی جنین لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
کەمپی جنین دەکەوێتە رۆژئاوای شاری جنین لەو بەشەی کەناری رۆژئاوای فەلەستینە کە ئیسرائیل لە 1967وە "داگیریکردووە" و تێیدا زیاتر لە 27 هەزار فەلەستینی هەن.
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەرچاوە هەواڵگرییەکانمان ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستکردوونەتەوە کە لە کەمپی جنیندا چالاکی تیرۆریستی هەن؛ ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ لە 'رەگوریشە هەڵکەندنی تیرۆرە' لە کەمپەکە."
ئیسرائیل کەمپی جنین بە "مۆڵگەی گرووپە چەکدارەکان" دادەنێت و فەلەستینیەکان لەنێویاندا بزووتنەوەی فەتح-ی سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینی بە "هاوکاریکردن و حەشاردانی" ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەکات.
مەحموود سەعدی، سەرۆکی خاچی سووری فەلەستینی رایگەیاند، "لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا دەنگی تەقە و تەقینەوە لە چەند شوێنێکی کەمپەکەوە دەبیسترێن".
وەزارەتی تەندروستیی سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینی کوژرانی 4 کەس و برینداربوونی 30 دیکەی پشتڕاستکردەوە.
یەکێک لە کوژراوەکان ئەحمەد ئەبوو بەها، فەرماندەی یەکەی شەهیدەکانی ئەقسا-یە، کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینییە.
لە بەرامبەردا بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، چەکدارەکانی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای ئیسرائیلیان لە کەمپی جنین کردووەتە ئامانج و چەند سەربازێكیشیان بریندار کردوون.
سوپای ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر کەمپەکە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 74 فەلەستینی لە کەمپەکەدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ