جەنگ دروێنەی گوڵەبەڕۆژەی لە ئۆکراینا راگرتووە

22-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژە لە ئۆکراینا
کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژە لە ئۆکراینا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا زیاتر لە 19 مانگە لە جەنگدایە، وەرزی دروێنەی گوڵەبەڕۆژە لە وڵاتەکە خەریکە کۆتایی دێت، بەهۆی جەنگەوە جووتیاران، نیوەی زەوییەکانیان نەدووریوەتەوە. رێگەی دەریایی بە رووی هەناردەکردنی گوڵەبەڕۆژی ئۆکراینا داخراوە.
 
رێژەی 31%ـی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی جیهان لە کێڵگەکانی باشووری ئۆکراینا بەرهەمدێت، ناوچەی (شیس تێرنیا) لە ئۆکراینا گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی رۆنە لەو وڵاتە. 
 
هەرچەندە وەرزی دروێنە چەند هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، ئەلێکساندەر رەیبنین، خاوەنی کێڵگەی گوڵەبەڕۆژەیە و نیوەی بەرهەمەکەشی کۆنەکردووەتەوە و دەڵێت: "کاتێک دوژمنمان دوورخستەوە، گوڵەبەڕۆژەکان هەموویان زیاد لە ئاستی خۆیان گەشەیان کردبوو و ئافاتیش لێی دابوون. هەوڵی زۆرمان دا و کاتی زۆری خایاند تاوەکو ئافاتەکەمان نەهێشت، هەموو زستان کارمان کرد بۆ ئەوەی کێڵگەکە لەبار بێت بۆ دروێنە."
 
لە رۆژی 17ی مانگی تەممووز، رووسیا ئامادەنەبوو درێژە بە رێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای رەش بدات، بەو پێیەش جووتیارانی ئۆکراینا ناتوانن لە رێگەی دەریاوە بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن.
 
وەرزی دروێنەی گوڵەبەڕۆژە تەنیا دوو هەفتەی ماوە و دوای دروێنەش دەکرێت بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبگیرێت، بەڵام لەوە بەدواوە تێکدەچێت.
 
خاوەنی کێڵگەی گوڵەبەڕۆژەکە دەڵێت، "تائێستا یەک کیلۆ گوڵەبەڕۆژەمان نەفرۆشتووە. نرخی هەر تۆنێک ئێستا 270 دۆلار تاوەکو 300 دۆلارە و هەموو هەفتەیەک نزیکەی 15 دۆلار دادەبەزێت. هیچ مانایەکی نییە بەو نرخە بیفرۆشیت، لەبەر ئەوەی قازانجی لێ ناکەین."
 
تاوەکو پێش دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا، شەش ملیۆن و 500 هەزار هێکتار لە ئۆکراینا، کە دەکاتە 23٪ـی خاکی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە بە گوڵەبەڕۆژە دەچێندرا، بەڵام لە دوای شەڕ، بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی ئەو وڵاتە زیاتر لە 20٪ دابەزی. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 700 هەزار تۆن گوڵەبەڕۆژە لە ئۆکراینا بەرهەمبهێنرێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە