رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا بەهۆی داخرانەوە دەیان پڕۆژەی دیکە رادەگرێت. تاوەکو ئێستا بە بەهای نزیکەی 40 ملیار دۆلار پڕۆژە راگیراون.
رۆسێل ڤۆوت، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردنی بودجەی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی داخرانی حکومەتەوە، ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی تایبەت بە ژێرخان لە ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکان رادەگیرێن کە بەهاکەیان دەگاتە 11 ملیار دۆلار.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، ئەو پڕۆژانە لەوانە نین کە کاری لەپێشینەی حکومەتن و بیر لەوە دەکەنەوە هەڵیانبوەشێننەوە.
ئەو پڕۆژانەی رادەگیرێن بریتین لە پارکێک لە سانفرانسیسکۆ، سیستمەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە نیویۆرک و فراوانکردنی پردەکان لە ماساچوسێتس. بەشێک لە پڕۆژەکانی ویلایەتەکانی ئیلیۆی، ماریلاند، نیوو مەکسیکۆ و چەند ویلایەتێکی دیکەش بە هەمان شێوە رادەگیرێن.
سەرجەم ئەو ویلایەتانەی نووسینگەی بەڕێوەبردنی بودجەی ئەمریکا باسیان دەکات، لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2024ـی ئەمریکا، زۆرینەی دەنگەکانیان بۆ دیموکراتەکان بووە.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، لەدوای داخران و بێبودجەبوونی حکومەتی ئەمریکا لە رۆژی یەکی ئەم مانگەوە، ئیدارەی ترەمپ سەدان پڕۆژەی هەڵوەشاندووەتەوە یاخود رایگرتوون کە بەهاکەیان لانیکەم 28 ملیار دۆلارە.
ئەو پڕۆژانەی راگیراون زۆربەیان لە بوارەکانی وزەی پاک و ژێرخانی گواستنەوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ