ترەمپ و مامدانی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە

20-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سبەی هەینی لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا لەگەڵ زوهران مامدانی، سەرۆک شارەوانیی نیویۆرک لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە، ئەمەش یەکەم بەریەککەوتنی راستەوخۆی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییەیە کە چەندین مانگ دژایەتی یەکتریان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی 21ـی تشرینی دووەم، لە ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی لەگەڵ مامدانی کۆدەبێتەوە، ئەمەش بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیانی نێوان سەرۆکە کۆمارییەکە و ئەستێرە نوێیەکەی دیموکراتەکان.
 
ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی نووسیوویەتی، "مامدانی داوای کۆبوونەوەی کردووە" و بەڵێنیشی داوە لەداهاتوویەکی نزیکدا، "وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەکات."
 
دۆرا پیکیک، گوتەبێژی مامدانی، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک شارەوانی داهاتووی ویلایەتی نیویۆڕک پلانی هەیە لەسەر سەلامەتی گشتی، ئاسایشی ئابووری و ئەجێندای کەمکردنەوەی نرخی کاڵاکان لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکات. 
 
لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانیی نیویۆڕک، ترەمپ رەخنەی زۆری لە بانگەشە و سیاسەتەکانی مامدانی گرت و بە "کۆنە کۆمیونیست" ناوی برد و ئاماژەی بەوەشکردبوو، نیویۆڕک لەژێر دەسەڵاتی مامدانیدا، وێران دەبێت. 
 
لەدوای سەرکەوتنی مامدانی لە هەڵبژاردنەکان، ترەمپ هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی مامدانی کرد. 
 
مامدانی لە وڵاتی ئۆگەندا لەدایکبووە و لە ساڵی 2018 بووەتە هاووڵاتیی ئەمریکی. ترەمپ لە زنجیرە هەڕەشەکانی بەرامبەر بە دەرچوونی مامدانی رایگەیاند، هاوکارییە فیدڕاڵییەکان بۆ نیویۆڕک رادەگرێت.
 
لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی هەریەک لە ویلایەتەکانی؛ جۆرجیا، نیوجێرسی، پێنسلڤانیا، ڤێرجینیا و نیویۆرک، کۆمارییەکانی بە خراپی لەو ویلایەتانە دۆڕان، ئەمەش ترەمپی ناچار کرد زیاتر باسی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بکات بۆ سەقامگیرکردنەوەی باری ئابووری وڵاتەکە و هەوڵدان بۆ هەرزانکردنی نرخەکان. 
 
هەفتەی رابردوو لە پۆستێکی سۆشیال ترووسدا ترەمپ رایگەیاند، "کۆماری، ئەو پارتەیە، توانای هەرزانکردنی نرخەکانی هەیە،" ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی کۆمارییەکان بەردەوام باسیان لەوە کردووە، ئابووری ئەمریکا هەرگیز ئەوەندە بەهێز نەبووە.
 
شەوی یەکشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پلانی هەیە لەگەڵ مامدانی کۆببێتەوە و گوتیشی "ئێمە شتەکان چارەسەر دەکەین". 
 
مامدانی رۆژی دووشەممە هیوای خواست چاوی بە ترەمپ بکەوێت و گوتی، تیمەکەی پەیوەندییان بە کۆشکی سپیەوە کردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەکە لە کاتێکی گونجاودا.
 
لە گوتاری سەرکەوتنیدا لە سەرەتای ئەم مانگە، مامدانی تەمەن 34 ساڵ، رایگەیاند، دەیەوێت نیویۆرک بکاتە سیمبوڵێک بۆ سەرجەم ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە، کە چۆن شکست بە ترەمپ دەهێنێت.
 
سەرۆک شارەوانیی داهاتووی نیویۆرک بەڵێنی دا لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێک کار بکات، تەنانەت ئەگەر سەرۆکیش "سوودی بۆ خەڵک و دانیشتووانانی نیویۆرک هەبێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی پێشووی نامۆ عەبدوڵڵا و فەرحان حەق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: هیوادارین لە کەرکووک رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە رێگریکردن لە هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، هانی گشتگیری دەدەن لەلایەن تەواوی دامودەزگاکانی عێراقەوە و هیوا دەخوازن رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت.