وەک ناڕەزاییەک، ژمارەیەک خوێندکار لە کاتی گوتاری راوێژکاری ئەڵمانیا هۆڵەکە جێدەهێڵن

20-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە پێکەوەژیاندا، کاتێک فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا چووە سەر تەختەی شانۆ بۆ پێشکێشکردنی گوتارەکەی، نزیکەی 30 خوێندکار بەبێ دەنگی و وەکو ناڕەزاییەک، هۆڵەکەیان جێهێشت.
 
خوێندکارەکان، کە زۆربەیان لە خێزانی کۆچبەرانن، لە قسەکانی مانگی رابردووی مێرتس نیگەرانن کە گوتبووی: "کۆچبەران سیمای شارەکانیان شێواندووە و بوونەتە هۆی کێشەی ئەمنی".
 
خوێندکارەکان نیشانەیەکیان لە یەخەیان دابوو، کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە سیمای شارین"، وەکو وەڵامێک بۆ مێرتس کە ئەوانیش بەشێکی گرنگن لە ئەڵمانیا، نەک هۆکاری تێکدانی.
 
سەرەڕای چوونەدەرەوەی خوێندکاران، مێرتس گوتارەکەی نەبڕی و باسی ئەوەی کرد کە "مێژووی ئەڵمانیا بێ کۆچبەران خراپتر دەبوو"، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت پرسی کۆچ کۆنترۆڵ بکرێت.
 
مێرتس ماوەیەکە بەهۆی قسە و لێدوانەکانییەوە لەلایەن خەڵکی ئەڵمانیا، تەنانەت گەنجانی نێو پارتەکەی خۆیشییەوە رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە.
 

ئەو خوێندکارانەی گوتارەکەیان چوونە دەرەوە، ژمارەیان 30 کەس بوو و خاوەن سکۆلارشیپ بوون و زۆربەیان بە رەچەڵەک کۆچبەر بوون.
 
بۆنەکە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی "تالیسمان" بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بوو لە ناوچەی کرۆیزبێرگ لە بەرلین کە رۆژی چوارشەممە رێکخرابوو.
 
رێوڕەسمەکە لەلایەن دەزگای "ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا" رێکخرابوو کە مێرتس وەک راوێژکار سەرپەرشتیاری دەکات؛ خەڵاتەکان رێزلێنانە بۆ ئەو کەسانەی کە پابەندن بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەوانەی پەرە بە بەها دیموکراسییەکان و پرسی ئاوێتەبوون لە ئەڵمانیا دەدەن.

 

 
لە دوای قسە مشتومڕهێنەکەی مانگی رابردوو، مێرتس هەوڵی دا روونکردنەوە بدات و رایگەیاند، کێشەکان بەهۆی ئەو کۆچبەرانەوە دروست دەبن کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیییان نییە و کار ناکەن یان پابەندی یاسا نابن.
 
ئەو گەنجانەی لە رێوڕەسمەکەدا بوون، پێیانوابوو لێدوانەکانی مێرتس بەشێوەیەکی ناڕەوا وێنای کۆمەڵگەی کۆچبەران ناشیرین دەکات و بەشداریی ئەوان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیادا لەکەدار دەکات.
 
لە کاتی گوتارەکەیدا، مێرتس ستایشی پابەندبوونی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "ئێوە نموونەی باڵان بۆ زۆر لە گەنجان، بەتایبەت ئەوانەی کە بە رەچەڵەک کۆچبەرن. ئێوە دەسەلمێنن کە ئەم هەوڵە شایستەیە."
 
مێرتس دانی بەوەدانا کە زۆریان ناچاربوون لەوانەی دیکە زیاتر ماندوو بن و بەهۆی ناو یان شێوەی دەرکەوتنیانەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زیادە بوونەتەوە.
 
هەروەها گوتی: "ئەڵمانیا وڵاتی کۆچبەرییە. بەبێ کۆچبەری، مێژووی کۆماری فیدراڵی جیاواز دەبوو، نەک باشتر، بەڵکو خراپتر دەبوو."
 
لە هەمان کاتدا روونیکردەوە کە دەبێت پرسی کۆچبەری "رێکبخرێت و کۆنترۆڵ بکرێت."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە گوتارەکەیدا راستەوخۆ باسی ناڕەزایەتییەکەی نەکرد و لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو، لە کاتێکدا گرووپەکە هۆڵەکەیان جێدەهێشت.
 
لە کاتێکدا لێدوانە بەناوبانگەکەی سەبارەت بە "دیمەنی شار" هێشتا کاریگەریی ماوە، مێرتس رووبەڕووی چەندین کێشەی دیکە بووەتەوە کە خۆی هۆکارەکەی بووە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەهۆی لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ بەڕازیل، خەڵکی ئەو وڵاتەی توڕە کرد.
 
هەروەها رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە لەلایەن رێکخستنی گەنجانی پارتە کریستیان دیموکراتەکەی خۆیەوە، دوای ئەوەی تێبینییەکانی ئەوانی لەسەر پلانەکەی بۆ خانەنشینی رەتکردەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا