ترەمپ یاسای ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی ئێپستینی واژۆ کرد

20-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یاسایەکی واژۆ کرد کە داوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەت سەبارەت بە جێفری ئێپستین دەکات.
 
ئەم هەنگاوە کە دوای گوشارێکی زۆری جەماوەری و سیاسی دێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێی دروستکردووە لەبارەی ئەوەی ئایا سەرۆکی ئەمریکا پابەندی تەواوی یاساکە دەبێت و رێگە بە ئاشکراکردنی هەموو دۆسیەکە دەدات، یان هەوڵدەدات بە بیانووی جیاواز بەشێک لە زانیارییەکان بشارێتەوە.
 
ترەمپ، لە کۆتایی ئەم هەفتەدا واشنتنی تووشی شۆکێکی گەورە کرد، کاتێک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵوێستی خۆی پێچەوانە کردەوە و وازی لە دژایەتیی چەند مانگەی خۆی بۆ "یاسای شەفافیەتی دۆسیەکانی ئێپستین" هێنا. 
 
ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستیدا رێگەی خۆشکرد کە پڕۆژەیاساکە رۆژی سێشەممە بە ئاسانی و بە یەکدەنگییەکی دەگمەنی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس تێپەڕێنرێت.
 
ترەمپ کە لە رابردوودا پەیوەندی و هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو تاوانبارە کۆچکردووەدا هەبوو، درەنگانی شەوی چوارشەممە بەکاتی هەولێر لە رێگەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، پڕۆژەیاساکەی واژۆ کردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی یان نمایشێکی میدیایی بۆ ئەو بۆنەیە رێکبخات.
 
کەسانی ئاگادار و شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە تەنانەت دوای واژۆکردنی یاساکەش لەلایەن سەرۆکەوە، ئیدارەکەی هێشتا دەتوانێت پشت بە چەندین رێکار ببەستێت بۆ شاردنەوەی زانیارییە هەستیارەکان. 
 
بەگوێرەی پسپۆڕانی یاسایی، ئەم رێکارانە لەوانەیە سڕینەوەی بەشێک لە زانیارییەکان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، دواخستنی پرۆسەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان یان بەکارهێنانی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی فیدراڵی وەکو پاساوێک بن بۆ ئەوەی وردەکارییە هەستیارەکان لەبەرچاوی رای گشتی دووربخرێنەوە.
 
چەک شومەر، سیناتۆری باڵای دیموکرات و سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنەکە هۆشداریدا و گوتی، "کاتێک سەرۆک پڕۆژەیاساکە واژۆ دەکات، ئەرکی سەرشانیەتی بە دڵسۆزییەوە جێبەجێی بکات. نابێت هیچ فێڵ و یارییەکی سیاسی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە ئارادا بێت."
 
شومەر هەروەها گوتی، "نابێت بیانووی لاوازی لێکۆڵینەوەی بەردەوام بەکاربهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی تەنیا هەندێک بەڵگەنامەی ئێپستین، لە کاتێکدا بە ئەنقەست ئەو بەڵگەنامانە بشارێتەوە کە شایەنی ئەوەن لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە ببینرێن و راستییەکان بزانن."
 
جێفری ئێپستین کە سەرمایەدارێکی دەوڵەمەند بوو، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ گەورە سەرمایەداران، سیاسەتڤانان، ئەکادیمیستە ناسراوەکان و کەسایەتییە ناودارەکانی بواری هونەر و سینەمادا دروستکردبوو. لە کاتێکدا بە نهێنی تۆمەتبار دەکرا بە قاچاخچێتیکردن بە کچان و ژنانی گەنجەوە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی بۆ خۆی و میوانە دەوڵەمەندەکانی.
 
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ترەمپ و هاوپەیمانەکانی کاریان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو تیۆرییانە دەکرد کە گوایە دیموکراتە دەسەڵاتدارەکان بەهۆی تێوەگلانیان لەگەڵ ئێپستین پارێزراون و دۆسیەکەشیان وەکو هێمایەکی گەندەڵی لە سیستمی دادوەریدا وێنا دەکرد. ئەوان ئەم کەیسەیان وەکو نموونەیەکی بەهێزی ئەوە بەکاردەهێنا کە چۆن پیاوە بەهێزەکان دەتوانن لە پشت سوپایەک لە پارێزەر، پارەیەکی زۆر و پەیوەندییە سیاسییەکانیانەوە خۆیان لە سزا بشارنەوە.
 
بەڵام لە هەمان کاتدا، خودی ترەمپ هاوڕێیەکی دێرینی ئێپستین بوو و چەندین وێنە و ڤیدیۆیان پێکەوە بڵاوبووەتەوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەبارەی ئەوەوە دروستکرد کە ئایا ئەو چی لەبارەی کارە نایاساییەکانی ئەو کەسایەتییە بەدناوەوە زانیوە.
 
دەستگیرکردنی ئێپستین لە ساڵی 2019دا بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەرفراوانی تووڕەیی و گوشاری زۆر لەسەر داواکاری گشتی بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوەیەکی تەواو لە تۆڕەکەی، سەرچاوە داراییەکانی و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە یارمەتییان داوە.
 
تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لەبارەی شاردنەوەی راستییەکان، دوای مردنە گوماناوییەکەی لە ساڵی 2019دا قووڵتر بوونەوە کە بە فەرمی وەکو خۆکوشتن لە زیندانێکی پارێزراوی نیویۆرکدا راگەیێندرا، ئەوەش تەنیا ماوەیەکی کەم دوای دەستگیرکردنی روویدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە