ئۆکراینا؛ جەنگ هاوسەرگیری و لەدایکبوونی کەمکردووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
کێێڤ بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن
کێێڤ بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوور لە بەرەی جەنگ و دەنگی تانک و تۆپ، کۆنستانتینا و ڤالێرینا کە خەڵکی شاری سوومین، بڕیاریاندا چیتر چاوەڕێی کۆتاییهاتنی شەڕ نەکەن و هاوسەرگیری بکەن. شارەکەی ئەوان کە بەهۆی بۆردومانی بەردەوامەوە بووەتە مەیدانی شەڕ و شوێنی سەربازان، رێگری لێنەکردن لەوەی لە ئاهەنگێکی خێزانیدا بڕیار بدەن نەهێڵن دووکەڵی جەنگ کار بکاتە سەر ژیانیان.
 
 کۆنستانتینا دەڵێت، "ئێمە چاوەڕێ بووین شەڕ تەواو بێت، بەڵام ئیدی زۆری خایاند، بۆیە بڕیارماندا بگەینە یەک." 
 
ڤالێریناش کە ئێستا دووگیانە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەبەر نادیاریی سبەی و ئەو بارودۆخە تایبەتەی تێیدان، نەیانویستووە کارەکەیان دوا بخەن و ویستوویانە خۆیان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنن.
 
ئەم چیرۆکە گوزارشت لە دۆخێکی گشتی دەکات لە ئۆکراینا، کە تێیدا شەڕ سێبەری بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاندا کێشاوە و بەهۆی ناسەقامگیرییەوە، ئامارەکانی هاوسەرگیری ساڵ لە دوای ساڵ روو لە کەمی دەکەن. ئەگەر لە ساڵی 2013 دا 304 هەزار و 232 هاوسەرگیری تۆمارکرابێت، ئەوا لە ساڵی 2024دا بۆ 150 هەزار و 210 دابەزیوە و تاوەکو نیوەی یەکەمی ئەمساڵیش تەنیا 68 هەزار و 559 حاڵەت تۆمارکراون.
 
 بەهۆی دووریی کیێڤ لە بەرەکانی جەنگ، ئێستا پایتەخت بووەتە سەنتەری هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچە جیاوازەکانەوە دێن بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکانیان تۆمار بکەن. 
 
ئۆلێنا کریچینکۆ، رێکخەری ئاهەنگەکان باس لەوە دەکات، ژمارەی هاوسەرگیری لە کیێڤ زیادی کردووە، چونکە سەربازەکان دەیانەوێت پێش چوون بۆ خزمەت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خۆشەویستەکانیان فەرمی بکەن تاوەکو پیاوەکان بزانن هاوژینەکانیان لێرە چاوەڕێیان دەکەن.
 
دیوەکەی دیکەی ئەم قەیرانە دیمۆگرافییە لە کەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی لەدایکبووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی 2013 دا زیاتر لە 504 هەزار منداڵ لەدایکبوون، بەڵام ئەم ژمارەیە لە 2022 بۆ 233 هەزار و لە 2025 یشدا بۆ تەنیا 180 هەزار منداڵ دابەزیوە، ئەمەش واتای ئەوەیە لە ماوەی 12 ساڵدا منداڵبوون لە ئۆکراینا بە رێژەی 60٪ کەمیکردووە.
 
ئۆلیک بریتاڤۆی، بەڕێوەبەری کلینیکی منداڵبوون هۆکاری ئەمە بۆ کۆچی ژنە گەنجەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئەوانەی ئێستا دێن بۆ منداڵبوون زۆربەیان تەمەنیان لە دەوروبەری 40 و تەنانەت 50 ساڵیشە، ئەمانە ئەو خێزانانەن کە منداڵیان لەدەستداوە و دەیانەوێت بۆ دڵنەوایی خۆیان منداڵێکی دیکەیان هەبێت، ئەمەش دوای جەنگ دەبێتە کێشەیەکی گەورە."
 
پێچەوانەی هاوسەرگیری و لەدایکبوون، ژمارەی مردن بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2025 دا لە بەرامبەر هەر لەدایکبوونێک، دوو بۆ سێ حاڵەتی مردن هەبووە. 
 
ڤاسیل ڤۆسکۆبۆینیک، توێژەری دیمۆگرافی، هۆشداری دەدات کە ئۆکراینا لەبەردەم کێشەیەکی جدیی داهاتوودایە و تەنانەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی کوژراوانی جەنگیش، ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی وڵات نزیکەی 300 هەزار کەس کەم دەبێتەوە.
 
 بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای دیمۆگرافی لە ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستی ئۆکراینا، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە 42 ملیۆن کەسی پێش ساڵی 2022، ئێستا بۆ خوار 36 ملیۆن کەس دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2051 ئەو ژمارەیە بگاتە تەنیا 25 ملیۆن کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە