لە شەوێکدا 653 درۆن ئاراستەی ئۆکراینا کران؛ خەڵکی کیێڤ ناچنە ژێرزەمین و شەڕ دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
تیمەکانی بەرگریی ئاسمانی هەوڵی خستەخوارەوەی دەدەن.
تیمەکانی بەرگریی ئاسمانی هەوڵی خستەخوارەوەی دەدەن.
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی رووسیا بە سەدان درۆن و دەیان مووشەک هێرش دەکەنە سەر شارەکانی ئۆکراینا. لە بەرامبەردا تیمە گەڕۆکەکانی بەرگریی ئاسمانی کە بەشێکیان لە هاووڵاتییانی خۆبەخش پێکهاتوون، هەوڵی خستنەخوارەوەیان دەدەن. تەنیا لە بەرەبەیانێکدا 653 درۆن ئاراستەی ئۆکراینا کراون.
 
پەیامنێری رووداو لە کیێڤ یاوەریی یەکێک لە تیمە گەڕۆکەکانی خستنەخوارەوەی درۆن دەکات و دەڵێت: "هاتوومەتە شوێنێک کە تایبەتە بەو هێزانەی درۆنەکان دەخەنە خوارەوە؛ یەکێک لە درۆنەکان 17 کیلۆمەتر لێرەوە دوورە. درۆنەکان زیاتر بە شەو ئاراستەی کیێڤ دەکرێن و ئێستا 120 درۆن بە ئاسمانی ئەم ناوچەیەدا دەسووڕێنەوە."
 
کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممەیە، ئەرکی ئەو تیمە 5 کەسییە پاراستنی ئاسمانی کیێڤە. تیمەکان لە دەورووبەری کیێڤ جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی رێگە لە گەیشتنی درۆنەکان بۆ نێو شارەکە بگرن.
 
ڤۆلادیمیر، فەرمانبەری فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانە، بەڵام دوای وەرگرتنی راهێنانی پێویست، نزیکەی 6 مانگە بە خۆبەخشی هەفتەی جارێک لەم تیمەدا کار دەکات.
 
ڤۆلادیمیر بە رووداوی گوت: "ئەم بڕیارەم کاتێک دا کە ئەم ساڵ هێرشێکی گەورە لەلایەن درۆنەکانی رووسیاوە کرا؛ من لەگەڵ خێزانەکەم لە ژێرزەمین بووم، لەوکاتەدا بیرم کردەوە کە دەتوانم شتی دیکە بکەم لەوەی خۆم لێرە بشارمەوە، دەتوانم شەڕ بکەم."
 
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانە و درۆنی زیاتر بەسەر ئاسمانی کیێڤدا دەسووڕێنەوە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو کاژێر 06:00ـی بەیانی بەگشتی 653 درۆن ئاراستەی ئۆکراینا کراون و لەلایەن هێزی زەمینی و ئاسمانییەوە 615 درۆنیان خرانە خوارەوە.
 
پێترۆ، بەرپرسی تیمی گەڕۆکی خستنەخوارەوەی درۆن دەڵێت: "ئەمە ئەو کارەیە کە هێزی بەرگریی ئاسمانی دەیکات؛ گرووپی گەڕۆک و سیستمی رێگری. ئەمە کاری بەرگریی ئاسمانییە."
 
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان، مووشەکی بالیستی ئاراستەی کیێڤ و ناوچەکانی دیکە کراون. یەکێک لە ئامانجەکان وێستگەیەکی شەمەندەفەر بوو لە شاری فاستیڤک.
 
ئۆلێکساندر پێرسۆڤسکی، سەرۆکی هێڵی شەمەندەفەری ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو بۆردوومانێکی تۆقێنەر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک روویدا. ئەمە وێستگەی دەرەوەی شارە، رووسەکان دەڵێن بنکەی ناتۆیە، بەڵام ئەمە شوێنێکە کە خوێندکاران، پەرستارەکان و خەڵک هەموو بەیانییەک دەوەستن بۆ بەکارهێنانی شەمەندەفەر."
 
جگە لە درۆنەکان، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 51 مووشەکی کرووز و بالیستی ئاراستەی ئۆکراینا کراون کە 30 مووشەکیان خراونەتە خوارەوە. بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە 30 ناوچە گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەقامێکی وڵاتێکی ئەورووپی

یەکێتیی ئەورووپا رێنوێنیی نوێی بۆ پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان دەرکرد

ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم هەفتەیە رێنوێنیی نوێی سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ وڵاتانی ئەندام ئاشکرا کرد، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی هەزاران پەناخواز دەبێت