رووداو دیجیتاڵ
رۆن دیسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا کە لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان بە رکابەرێکی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ دادەنرا، کەمپینی هەڵبژاردنەکانی راگرت و پاڵپشتیی خۆی بۆ رکابەرەکەی دەربڕی.
دیسانتیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هیچ ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتن نابینم، بۆیە کەمپینی هەڵبژاردنەکانم رادەگرم".
کشانەوەی دیسانتیس لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەمپەرێکی بەردەم ترەمپ بۆ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لابرد.
لە درێژەی گوتارەکەیدا دیسانتیس گوتی، "ئەگەر شتێک هەبووایە کە بتوانم بیکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گونجاو لە هەڵبژاردن، ئەوا دەمکرد، بەڵام ئێمە رێگەیەکی روونمان نییە بۆیە ناتوانم داوا لە لایەنگرانمان بکەم خۆبەخشانە کاتەکانیان بە من ببەخشن."
حاکمی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە بۆ ئەو روونە کە زۆرینەی دەنگدەرانی کۆمارییەکان دەیانەویت دەرفەتێکی دیکە بە دۆناڵد ترەمپ بدەن."
لەدوای پەیامەکەی دیسانتیس، نیکی هەیڵی، بەربژێرێكی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "دەمەوێت بە رۆن بڵێم، ئەو کارێکی گەورەی ئەنجامدا، پارێزگارێکی باش بوو، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
تادێت پێگەی ترەمپ لەنێو کۆمارییەکان بەهێزتر دەبێت، تەنانەت لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور کە هەیلی لە 2011 تاوەکو 2016 حاکمی بووە.
بەپێی دوایین دوو راپرسیی باوەڕپێکراوی ویلایەتی هەمشایەر، هەیڵی لانیکەم بە 15 خاڵ لەدوای ترەمپەوەیە.
هێنری مەکماستەر، حاکمی کۆماریی ویلایەتەکە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری بۆ دەربڕینی پاڵپشتییەکانیان بۆ ترەمپ خۆیان گەیاندە ویلایەتی نیوهەمشایەر و رایگەیاند، "دوو سیناتۆری ئەمریکی و زۆرینەی رەهای خەڵکی کارۆلاینای باشوور، دۆناڵد ترەمپیان دەوێت. نیوهەمشایەر بۆ ترەمپە و کارۆلاینای باشوور-یش بۆ ترەمپە."
دەنگدەری نەخوێندەوار و خوێندەواری بێ بڕوانامە یەکێك لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ترەمپ بوو لە ئایۆوا. لە نیوهەمشایەر، کە ئاستی خوێندەواری زیاترە تێیدا، بەدوور نازانرێت سوپرایزێك رووبدات و هەیڵی پێش ترەمپ بکەوێت، کە ئەگەر ئەمە روویدا، رکابەرییەکە پێدەنێتە قۆناخێكی ماوە درێژتر و سەختر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ