مەسک تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی ترەمپ سڵاوی نازییەکانی کردووە

21-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
مەسک جووڵەکە دەکات. وێنە: AFP
مەسک جووڵەکە دەکات. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤ و پێشەنگی تەنکەلۆجیای جیهان بە جووڵەیەک لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دا، مشتومڕی ناوەتەوە و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی سڵاوی سەربازیی ئەدۆڵف هیتلەر و نازییەکانی ئەڵمانیای کردووە. 
 
خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس، سپەیس ئێکس و تێسلا لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی ترەمپ لە هۆڵی کاپیتۆڵ وەن لە واشنتن چووە سەر سەکۆکە بۆ ئەوەی قسە بۆ پشتیوانکارانی سەرۆکی تازە دەستبەکاربووی ئەمریکا بکات. 
 
دوای ئەوەی کە لە بەرامبەر هەڵبژاردن و سەرخستنی ترەمپ سوپاسی خەڵکەکەی کرد، مەسک دەستی راستی لەسەر لای چەپی سنگی دانا و پاشان دەستی بە کراوەیی بەرەو راست بەرزکردەوە. 
 
ئەم جووڵەیەی مەسک گڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردا. ڤیدیۆکە لەلایەن سەدان بەکارهێنەرەوە بڵاوکرایەوە. چەندین کەس لە پۆست و کۆمێنتەکانیاندا تۆمەتباری دەکەن بەوەی سڵاوی هیتلەر و نازییەکانی دووبارەکردووەتەوە. 
 
کلەیر ئۆبن، مێژووناسی بواری نازییەکان لە ئەمریکا، هاوڕایە کە ئەو جووڵەیەی مەسک کردی، هەمان ئەو سڵاوە سەربازییە کە نازییەکان دەیانکرد، کە بە سڵاوی "زیگ هەیل" دەناسرێت. 
 
ئۆبن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پشتیوانی لەوانە دەکات کە پێیانوایە مەسک سڵاوی هیتلەری دووبارە کردووەتەوە و دەڵێت: "بۆچوونی پیشەیی من ئەوەیە کە ئێوە راست دەکەن. پێویستە بڕوا بە چاوەکانتان بکەن."
 
رووس بێن گیات، مێژووناسی بواری فاشیزم هەمان بۆچوونی هەیە. لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "ئەوە سڵاوی سەربازیی نازییەکان بوو، زۆریش روون و ئاشکرا بوو."
 
ئەندامانی پارتی دیموکرات، واتە پارتەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشوو، هەر زوو هاواریان لێ هەستا. 
 
جیمی گۆمێز، ئەندامی کۆنگرێس لە بارەی ئەو جووڵەیەی مەسک نووسیویەتی: "باشە خۆ زۆری نەبرد،" وەک ئەوەی بڵێت مەسکی دژە کۆچبەر هەر زوو خۆی ئاشکرا کرد. 
 
مەسک لەو کاتەوە دەیان جار لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستی کردووە یان وەڵامی پۆستەکانی دیکەی داوەتەوە، بەڵام لە هیچ کامیاندا باسی لە جووڵەکەی نەکردووە. 
 
یەکێک لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە باسی لەوە کردووە، سەرەتا پێیوابووە مەسک بە گاڵتە ئەو کارەی کردووە. 
 
براندن گالامبس، قەشەی تەمەن 29 ساڵ، دەڵێت: "ئەو زۆر گاڵتەچییە. زۆر گاڵتە و گەپ دەکات. بۆیە کە ئەو کارەی لەسەر سەکۆکە کرد، پێموانییە بە مەبەست کردبێتی."
 
گۆڤارە ئەمریکییەکانی وەک وایرد و رۆڵینگ ستۆن دەڵێن، کەسایەتییە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەمریکا بە گەرموگوڕی پێشوازییان لە جووڵەکەی مەسک کردووە، وەک ئیڤان کیلگۆری نووسەر کە دەڵێت، سڵاوەکە "زۆر ناوازە"یە. 
 
مەسک لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین جار پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی راستڕۆی توندڕۆی ئەڵمانی AfD (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) و پارتی دژە کۆچبەری ریفۆرمی بەریتانیا راگەیاند. 
 
رێکخراوی یانەی بەرەنگاربوونەوەی ناوزڕاندن (ADL) کە بە ئەندامێکی هەرە گەورەی لۆبی جووەکان لە ئەمریکا دادەنرێت و کار بۆ سەرخستنی ئیسرائیل دەکات، پێشتر چەندین جار رەخنەی لە ئیلۆن مەسک گرتووە، بەڵام ئەمجارە بەرگریی لێی کرد. 
 
رێکخراوەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "وا دیارە ئیلۆن مەسک لە کاتی جۆشوخرۆشدا جووڵەیەکی نامۆی کرد، نەک سڵاوی سەربازیی نازییەکان."
 
ئەلێکزاندریا ئۆکازیۆ کۆرتێز، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەو قسەیەی رێکخراوەکەی رەخنەباران کرد و گوتی: "بۆ ئەوەی روون بێت، ئێوە بەرگری لە سڵاوی سەربازیی هیتلەر دەکەن."
 
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسیش پێیانوایە، ئەوەی مەسک کردی، دووبارە کردنەوەی سڵاوی سەربازیی رۆمانە کۆنەکانە و لە بنەڕەتدا سڵاوی ئەوان بووە پێش ئەوەی نازییەکان بەکاریبێنن. 
 
ساڵی 2021، ئیلۆن مەسک رایگەیاند، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە هەڵگری جۆرێکی کۆنیشانەی ئۆتیزمە کە پێی دەگوترێت کۆنیشانەی ئەسپێرگەر. 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماکس لوکس، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) لە کۆبوونەوەیەکدا

پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: دەبێت بەرلین کەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکاتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێ کە بەرامبەر دۆخی ئێستای سووریا "بێ هەڵوێستە"، هاوکات داوا دەکات بەرلین بە فەرمی کەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکاتەوە و دەڵێت: "پێشتر کوردەکانمان بە تەنیا جێهێشتن و دەبێت پەند لەو هەڵەیە وەربگرین."