رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، خەریکی رێکخستنی کۆبوونەوەیەکن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ؛ داواش لە سەرکردەکانی ئەورووپا دەکات کیشوەرەکە بپارێزن.
رۆژی سێشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکدا بۆ ئامادەبووانی کۆڕبەندی داڤۆس گوتی: "تیمەکان [تیمی ئۆکراینا و ئەمریکا] کار لەسەر ئەوە دەکەن کۆبوونەوەیەک رێکبخەن."
زیلینسکی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە داواکەی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی سوپاکەیان رازی نابن و گوتی، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا 80٪ـی قەبارەی سوپاکەی کەمبکاتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپاش کرد گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا بکەن.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، میدیای ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ داوای لە تیمەکەی کردووە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ رێکبخەن.
ترەمپ کە رۆژی دووشەممە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، رایگەیاندووە کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا بە کەمتر لە 24 کاژێر دوای دەستبەکاربوونی کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت؛ رەخنەشی لە هاوکارییە سەربازییە بەردەوام و بێ مەرجەکانی واشنتن بۆ کیێڤ گرت.
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، تاوەکو ئەو کاتە هیچ "پێشنیازێکی کۆنکرێتی"ـیان پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە. لەو کاتەوە ئەمریکا بایی زیاتر لە 66 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکێشی ئۆکرانیا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ