رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی ئەمریکی هۆشداریی دا کە حکومەتی سووریا رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە. جەختی کردەوە، پاراستنی سەقامگیری لە سووریا بۆ ئاسایشی هەموو ناوچەکە گرنگە.
کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریکی رایگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ ژنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە قسەم کرد؛ راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی سووریا ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە، بەتایبەتی لە کۆبانی."
ئەم سیناتۆرە دیموکراتە داوای لە واشنتن کرد گوشار بخاتە سەر دیمەشق تاوەکو هێرشەکانی بۆسەر ناوچە کوردییەکان رابگرێت. لە هەمان کاتدا، جەختی کردەوە کە دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، پێش ئەوەی وادەی ئاگربەستە 4 رۆژییەکە کۆتایی بێت.
ڤان هۆڵن ئاماژەی بەوەش کرد، "هەسەدە هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە و سەری رم بووە لە جەنگی دژی داعش، بۆیە ئەرکی سەرشانی ئەمریکایە دڵنیابێتەوە کە بە دادپەروەری مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
مێژووی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هەسەدە بۆ ساڵی 2014 و جەنگی کۆبانی دەگەڕێتەوە کە تێیدا بەیەکەوە رووبەڕووی داعش بوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ